باڵی بنەماڵەی یەكێتی.. مێردەكەی شاناز بۆ سەركۆمار كاندید دەكەن

:: AM:09:09:22/05/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی عێراقی بڵاوی كردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارە مێردی شاناز برایم ئەحمەد و وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی پێشووی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید بكات.

ڕۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە حزبە كوردییەكان هەوڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق دەدەن، لەو ڕووەوە لەلایەن یەكێتی لەتیف ڕەشید مێردی شاناز برایم ئەحمەد بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكرێ، بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری و فازڵ میرانی دیارترین كاندیدەكانی تر دەبن.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی سەباح هاتووە، فوئاد مەعسووم بەهۆی ئەوەی لە ناوخۆی حزبەكە ناكۆكی لەسەر دروست بووە، بۆیە چانسی دووبارە كاندیدكردنەوەی نییە، هەرچەندە لە ڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە ڕەزامەندی لەسەرە، بەڵام ناوخۆی حزبەكەی دووری دەخەنەوە، بەرهەم ساڵحیش ڕەزامەندی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەرە، بەڵام بەهەمانشێوە لە یەكێتی جیا بووەتەوە و یەكێتی ڕەتی دەكاتەوە پشتیوانی بكات، بۆیە یەكێتی جیا لە مەعسووم و بەرهەم ساڵح، لەتیف ڕەشیدی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی پێشووی عێراق كاندید دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا باس لە عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیش لەلایەن بەشێكی حزبەكەوە دەكرێ و جەماوەری یەكێتیش لەگەڵ موفتیدان.

بەگوێرەی زانیارییەكان لەتیف ڕەشید مێردی شانازی برایم ئەحمەد و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، كە بە كەسێكی سەر بە باڵی بنەماڵەی ناو یەكێتی دادەنرێ لەلایەن ئەو باڵەوە پشتیوانی لێ دەكرێ، هاوكات باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ و یەكێتییە بێ باڵەكانیش پشتیوانی لە عەدنان موفتی دەكەن تا كاندیدی یەكێتی بێ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

پێشتر عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە، كە پارتی هیچ كەسێكی بۆ پۆستی سەركۆمار كاندید كردبێ، دووپاتی كردەوە، پارتی لە بەغدا چاوی لە پۆست نییە، بەڵكو مەبەستی سەرەكی بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستانە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د