میلیشیاكانی حەشد بە بڕینی كارەبای خانەقین تۆمەتبار دەكرێن

:: PM:04:35:22/05/2018 ‌

دوای شكستیان لە هەڵبژاردن و دەنگ نەهێنانیان لە خانەقین، میلیشیاكانی شیعە تۆمەتبار دەكرێن بە بڕینی كارەبای خانەقین، ئەگەرچی فەرمانگەی كارەبای خانەقین هۆكارەكەی بۆ كۆنترۆڵی كارەبا دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم نووسراوێكی فەرمانگەی كارەبای خانەقین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە تێیدا رەتی دەكاتەوە بڕینی كارەبای خانەقین بەدەستی میلیشیاكانی شیعەوە بێت. بڵاوبوونەوەی نووسراوەكە هاوكاتە لەگەڵ تۆمەتباركردنی میلیشیاكانی عەسائیب ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەركردایەتییان دەكات بە هۆی ئەوەی خەڵكی خانەقین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چووە، دەنگیان بە كاندیدانی ئەوان نەداوە.

هاوپێچی نووسراوەكە، پەرەگرافێكیش بە زمانی عەرەبی بڵاو كراوەتەوە كە "عەسائیب ئەهل حەق كارەبای خانەقینی بڕیوە بەهۆی ئەوەی دەنگتان پێیان نەداوە.. ئەی من بە ئێوەم نەگوت ئەگەر دەنگ بە كاندیدانی ئەوان نەدەن ئەوا خانەقین تێك دەدەن و كوشتن و رفاندن و تەقینەوە زیاتر دەبێت، هەموو ئەوانە عەسائیب و شێركۆ عەزیزی لە پشتەوەن".

نووسراوەكە كە بێ ژمارەیە و مێژووی 19ی ئەم مانگەی لەسەرە بەناوی ناوەندی چاككردنەوەی كارەبای خانەقین كە مۆر و واژووی بەشار شاكر ئیبراهیم بەرپرسی چاككردنەوەی كارەبای خانەقینی لەسەرە و ئاراستەی عەسائیب ئەهل حەق/ بەشی هاوئاهەنگی خانەقین كراوە وەك وەڵامدانەوەی نووسراوێكی ئەوان لە رۆژی 18ی ئایار لەبارەی هۆكاری پچڕانی كارەبای خانەقین.

چاككردنەوەی كارەبای خانەقین لە نووسراوەكە دەڵێ، هۆكاری بڕینی كارەبای خانەقین دەگەڕێنێتەوە بۆ پچڕانی فێرمچ لە ناوەندی كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای پارێزگای دیالە. وەك ئاماژەیەك كە عەسائیب لە پشتەوەی بڕینی كارەبای خانەقین نەبوونە.

جێی باسە لە 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا، لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەك كورسی لە دیالە هێناوە و هاوپەیمانی فەتح كە نوێنەرایەتی میلیشیا چەكدارەكان دەكات سێ كورسی هێناوە.






وشە - فه‌رمان سادق