ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ عەمار حەكیم لە بەغدا

:: PM:09:39:22/05/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی (حیكمە) لە بەغدا كۆبوونەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆكی شاندەكە رای گەیاند كە كۆبوونەوەكە بەرهەمدار بوو و دووپاتی كردەوە كە پێویستە لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو پشت بە توانست ببەسترێت.

ئەمڕۆ سێشەم شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەگەڵ سەرۆك لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق لە بەغدا دەستی پێ كرد و ئەوان لەگەڵ موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و عەمار حەكیم كۆبوونەوە.

دوای كۆتاهاتنی كۆبوونەوەی شاندی پارتی و عەمار حەكیم، فازڵ میرانی سەرۆكی شاندەكە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، كۆبوونەوەكە بەرهەمدار بوو و لە كۆبوونەوەكەدا بۆچوونمان لەبارەی زۆرێك لە خاڵەكان وەك یەك بوو، بەڵام گفتوگۆمان لەبارەی خاڵە ناكۆكەكانیش كرد.

زیاتر گوتی، مەرج نییە حكوومەتی داهاتووی عێراق هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێت، بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كە لە پێكهێنانی پشت بە توانست ببەسترێت. 

ئەمڕۆ لە میانی دیداری لەگەڵ شاندی پارتی لە بەغدا موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و پاڵپشت بۆ لیستی (سائیروون) كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو رای گەیاند، حكوومەتی نوێی عێراق هەوڵی چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵواسراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات، لەو كاتەی نووری مالیكی دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ شاندی پارتی باسی پەرەسەندنەكانی سیاسی ئێستا و جموجۆڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقمان كردووە و كۆبوونەوەكەش گرنگ و باش بووە.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل