شاندێكی باڵای یەكێتی سەردانی بەغدا دەكات

:: PM:10:32:22/05/2018 ‌
بڕیارە سبەی چوارشەم شاندێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بچێتە بەغدا و لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گفتوگۆ بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی ئایار، سەرچاوەیەك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەینێ شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی و ئەندامیەتی رزگار عەلی و خالید شوانی و فریاد رەواندزی و سەعدوون فەیلی، دەگەنە بەغدا.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، بەرنامەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای یەكێتی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی لیستە براوەكان دەست پێ دەكات. بڕیارە سەردانەكە دوو رۆژ بخایەنێت و دیدار و كۆبوونەوەكانیش لەبارەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەست پێ بكات، ئەو سەرچاوەیە وای گوت.

ئەمڕۆ سێشەم شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و چەندین دیداری و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا.



وشە - رامیار جەواد