جووەكان: مەترسی لەسەر كوردستان هەیە

:: AM:09:50:21/06/2018 ‌
كۆمەڵگەی جووەكانی كوردستان لە ئاگەدارییەكی مەترسییەكی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێ، بەڵگەمان لە بندەستە كە هەوڵی تێكدانی پێكەوەژیانی نێوان ئاین و ئاینزا جیاكان دەدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ئاگادارییەكی كۆمەڵگەی جووەكانی كوردستان لە كەنەدا هاتووە، دۆست و ئەندامان و هاوڕێیانمان ئاگادار دەكەینەوە، كۆمەڵە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێم و نوێنەرایەتی و كەسایەتییە ئاینییەكان و میدیاكان و داودەزگا تەناهییەكان و كونسوڵگەری و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێم ئاگادار دەكەینەوە كە مەترسیی هەیە.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، زانیاری و دیكۆمێنتی تۆكمە و وردمان لە بەردەستدایە كە چەند دەستێكی دەرەكی دژی ئەزموونی سەركەوتووی كوردستان چەند كەس و لایەنێكی دەرەكی دژ بە پێكەوە ژیانی ئاینی پێكهاتە ئاینییەكانی كوردستانن لە هەوڵی تێكدان و دروستكردنی ناكۆكی و ململانێی سەختن لە ناو پێكهاتەكان، ئێمە وەك كۆمەڵگەی جووەكانی كوردستان دڵنیاتان دەكەینەوە كە كۆمەڵگەی جووەكانی كوردستان خۆی لە هەموو ئەو هەوڵە ناشیرینانە پاراستووە و دەپارێزێ و ناچینە ناو هیچ ناكۆكییەكەوە. 

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان پارێزەری مافی ئاین و كەمینەكانن و داوا دەكەین ئەوانەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژی رەوتی ئاشتەوایی و پێكەوە ژیانن شەرمەزار بكرێن و ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و هەموو لایەكیش لەو هەوڵانە ئاگەدار بن. 

بڵاوكردنەوەی ئەو ئاگەدارییەی كۆمەڵگەی جووەكانی كوردستان لە كاتێكدایە لە هەفتەی ڕابردوو چەندان بەریەككەوتنی ئاینی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەبوو.




وشە - رامیار جەواد