كەیسی یوسفەكەی هەولێر كۆتایی هات و ڕاست نەبوو

:: AM:10:51:02/07/2018 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە بارەی ژیان و گوزەرانی نەوجەوانێك بەوەی بێ دایك و باوكە و لە شەقام و پاركەكان و ناو گۆڕستانەكان دەژێت و دەنوێت، بەدواداچوون بۆ چارەنووسی دەكرێت و دەردەكەوێت گوتەكانی ڕاست نین.

ئەمڕۆ دووشەم 2ـی تەمووز/ یۆلیۆ، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشپێدانی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوای دۆزینەوەی نەوجەوانەكە، ئامادەیی و پاڵپشتی خۆیان بە هەموو شێوەیەك بۆ هاوكاری نەوجەوانەكە دەربڕی بەو شێوەیەی خوارەوە، بەڵام ئەو بەهیچ شتێك ڕازی نەبوو.

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی هەولێر گوتی، یوسف باوكی ماوە و ئێستە لای باوكیەتی، ئەمەش دوای بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەكانی ئێمە لەسەر كەیسەكەی دەركەوت ئەو قسانەی لە گرتە ڤیدیۆكە باسی دەكات ڕاست نین.

چاوشین ئاشكرای كرد، چەندان جار هەوڵمان دا بۆ دابینكردنی شوێنی شیاو بۆی، دواجار خۆی لە بابەتەكە دەردەهێنا و وەڵامیشی نەدەداینەوە.

سەرەتای ئەو هەفتەیە گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو كرایەوە، مێرمنداڵێكی نیشان دەدا كە لەسەر گۆڕستان و پارك و شەقامەكان دەژیت، دوێنێش چەندان هەواڵ لەسەر ئەو گەنجە بڵاو كرایەوە گوایە دادوەرێكی سلێمانی لەخۆی گرتووە.



وشە - رامیار جەواد