تووشبوویەكی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی گیانی لە دەست دا

:: PM:06:06:08/07/2018 ‌
هاووڵاتییەك لە شاری سلێمانی كە گومانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێ‌ دەكرێت گیانی لە دەستدا و تا ئێستە تەندروستی شارەكە هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەوبارەیەوە نەداوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نەخۆشەكە شەوی ڕابردوو سەردانی نەخۆشخانەی هیوای كردووە و دوای پشكنین بۆی گومانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێ‌ كراوە دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش و گیانی لە دەست داوە.

ئەو هاووڵاتییەی گومان دەكرێت بەهۆی تای خوێنبەربوونەوەی گیانی لە دەستدابێ‌ بە ڕەگەز عەرەبە و تەمەنی 43 ساڵە و خەڵكی شارۆكەی حەویجەیە. "وشە" چەند جارێك پێوەندی بە وەزارەتی تەندروستی بەرپرستانی تەندروستی سلێمانییەوە كرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

ماوەی هەفتەیەكە نەخۆشی تای خوێنبەربوون باسی دەكرێت كە گوایە چەند حاڵێك لە هەرێمی كوردستان هەیە. دوێنی تەندروستی عێراق ڕای گەیاند، هەڵگرانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون هەشت كەسن تا ئێستە و هەوڵەكان بۆ ڕێگری لە بڵاو بوونەوەی بەردەوامە.

پەتای كۆنگۆ یاخود تای خوێنبەربوون، بەهۆی ڤایرۆسێكەوە سەرهەڵدەدات كە زیندەوەرێكی بچوك "گەنە" هەڵیدەگرێت و نەخۆشییەكە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

لێرە زانیاری لەبارەی "تای خوێنبەربوون چییە و چۆن خۆتی لێ دەپارێزی" بخوێننەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم