كردە تیرۆریستییەكانی داعش روو لە زیادبوونن

:: PM:10:40:12/07/2018 ‌

سەرچاوەیەك لە پارێزگای كەركووك ئاماژەی كرد كە رێكخراوی داعش هەستاوە بە بڕینی كارەبای هەردوو شارۆكەی دوور و سامەرا لە رێگەی تەقاندنەوەی دوو تاوەری هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە كەركووكەوە بۆ ئەو دوو شارۆكە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هەستاون بە تەقاندنەوەی دوو تاوەری هیڵی گواستنەوەی كارەبا لە نزیك شارۆكەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك، بەو هۆیەوەیش هیڵی گواستنەوەی كارەبای كەركووك-دوور-سامەڕوا پچڕاوە 

لەلایەكی تر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە ئەفسەرێكی هاتوچۆی پارێزگای سەڵاحەدین بەناوی (موقەدەم شوعێب عەراك خەزرەجی) لە هێرشێكی چەكداری لەسەر رێگەی دوجیل-بەغدا كوژراوە.

هەر ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە باشووری رۆژئاوای بەغدا لە نزیك گەڕەكی پیشەسازی سەر بە ناوچەی بەیاع، سێ كەس بریندار بوون و لەئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی تری چێنراویش لەنزیك دووكانێك لە لە گوندێكی دەوروبەری خانەقین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالەدوو كەس بریندار بوون.  

لەلایەكی تر بە پێی هەواڵێكی "شەفەق نیوز" سەرچاوەیەك لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی پێشمەرگەی كوردستان ئەمڕۆ رای گەیاندووە كە داعش پلانێكی بەدەستەوەیە بۆ هێرشكردنە سەر سنووری شارۆكەی دوبز لە رۆژئاوای كەركووك لە ئەلبوحەمدان و چەند ناوچەیەكی تر، هاوكات هێرش دەكەنە سەر مەلا عەبدوڵا و بیرەكانی نەوتی خەبازە، ئەوەیش بە رێككەوتن لەگەڵ بەشێك لە هێزەكانی تەناهی و حەشدی هۆزەكانی سەر بە هەیسەم عەلی حەمدانی كە پێشتر سەر بەداعش بوونە. 







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل