داهاتی میسی لە رۆناڵدۆ زیاتر بووە

:: AM:11:10:17/07/2018 ‌

بەگوێرەی تۆژینەوەیەك دەركەوتووە داهاتی ساڵانەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتین و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە 2017 لە داهاتی سەرجەم یاریزانانی تۆپی پێی لەسەرتاسەری جیهان زیاتر بووە.

كۆواری (فۆربس)ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد: داهاتی میسی لە 2017 لەسەرجەم یاریزانانی تۆپی پێ زیاتر بووە و لەچاو وەرزشوانانە ناودارەكانی جیهانیشدا ناوی لە ریزبەندی دووەمدا هاتووە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە داهاتی میسی بە مووچە و بڵاوكردنەوەی وێنە و ریكلامەكانی تەنیا لە 2017 برێتی بووە لە 111 ملیۆن دۆلار، ئەمە لە كاتێكدایە كە داهاتی ركابەرەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی 108 ملیۆن دۆلار بووە.

داهاتەكەی میسی لەچاو یاریزانانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی جیهان لە هەموویان زیاتر بووە، بەڵام بە بەراود لەگەڵ سەرجەم وەرزشوانان لە ریزبەندی دووەم هاتووە دوای یاریزانی مشتەكۆڵەی ئەمەریكی فلۆرێد ماوێزەر كە لەو ساڵەدا داهاتەكەی 285 ملیۆن دۆلار بووە.

میسی پارساڵ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە نوێ كردەوە و تا هاوینی ساڵی 2020 لە ریزی ئەو یانەیە یاری دەكات و داهاتی گشتی ساڵانەكەشی تەنیا لە یانەكەدا برێتییە لە 80 ملیۆن دۆلار.

داهاتەكەی میسی لەچاو یاریزانانی تۆپی پێ زۆرترین بووە، بەڵام لەچاو كەسایەتییە ناودارەكانی جیهان داهاتەكەی لە پلەی هەشتەمدا گیرساوەتەوە.

لەبەرامبەریشدا رۆناڵدۆ لەنێوان یاریزانانی تۆپی پێ دوای میسی لە ریزبەندی دووەم هاتووە بە كۆكردنەوەی داهاتی 108 ملیۆن دۆلار، بەڵام لەچاو كەسایەتییە ناودارەكانی جیهان لە ریزبەندی 10 ناوی گیرساوەتەوە.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م