عەبادی: بەشێك لە داواكاری خۆپێشاندەران جێبەجێ دەكەین

:: PM:08:16:17/07/2018 ‌

ناڕەزایی جەماوەری لە عێراق بەردەوامە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە رێنوێنیان داوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو داوایانەی خۆپێشاندەران كە دەتوانن جێبەجێیان بكەن و دووپاتی كردەوە كە ناتوانن دەستبەرداری ئاسایشی عێراق بن. 

عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانە لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی لە گرنگی پاراستنی ژیانی خۆپێشاندەران و دۆخی تەناهی عێراق كردەوە و گوتی، ئەو ئاسایشەی لە عێراق هەیە دوای قوربانیدانێكی زۆر پێی گەیشتووین و ناتوانین دەستبەرداری ببین.

زیاتر گوتی، ئێمە بەگرنگییەوە چاودێری داواكاری خۆپێشاندەران دەكەین و رێنوێنیمان داوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەی كە ئێستە توانای جێبەجێكردنیمان هەیە و ئاماژەی كرد، هەروەها رێنوێنیشمان داوەتە هێزە تەناهییەكان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و رێگرتنیش لەدەستدرێژیكردنە سەر سامانی گشتی و تایبەت و داوایشی لە خۆپێشاندەران كرد كە هاوكاری حكوومەت بن و كەسانی خراپەكار لەناویان ئاشكرا بكەن.

عەبادی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دووپاتی كردەوە كە كار بۆ كۆتاهێنان بە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی بەدەستی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكە بەردەوامە.

بەو هۆیەی نەبوونی كارەبا ناڕەزاییەكانی دوایی تەقاندەوە كە ئێران رەوانەكردنی كارەبای بۆ باشووری عێراق بڕیوە، بڕیارە سبەی شاندێكی باڵای عێراق بە سەرۆكایەتیی سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان سەردانی شاری جەدەی سعوودیە بكات بۆ باسكردنی چوار دۆسیە لە سەروویانەوە وزە.

سەردانەكە لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عێراقە و شاندەكە هەروەها وەزیرانی نەوت و كارەبا و گواستنەوەیش لەخۆ دەگرێت و ئەوان باسی دۆسیەكانی پێوەست بە گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی و هاتنی سووتەمەنی و كارەبا بۆ عێراق دەكەن.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل