راگرتنی كەناڵە ناوخۆیییەكان بازاڕی كڕین و بەستنی سەتەلایتی گەرم كردووەتەوە

:: AM:08:41:12/08/2018 ‌

كۆنترۆڵكردنی كەناڵە ناوخۆیییەكان لەلایەن دوو كۆمپانیای كەرتی تایبەت، سەرجەم ئامێرەكانی پێشووی لەكار خست. گرانیی ئامێرە نوێیەكان لە لایەك و كرێی كارتی مانگانەی سەیركردنی كەناڵەكان لە لایەكی تر، هۆكار بووە لەوەی خەڵك روو لە كەناڵە ئاسمانییەكان بكەنەوە كە بێ پارەن و خەرجییان تەنیا دانانی سینییەكە لە سەربان. ئەمەش بازاڕی ئەو جۆرە ئامێرانەی گەرم و كاری وەستاكانی بەستنی سەتەلایتیشی زۆر كردووە.

دوای ئەوەی پەخشی كەناڵە ناوخۆیییەكان لەسەر سیستەمی كۆن وەستێنرا، تەنیا لە رێی كڕینی ئامێری دوو كۆمپانیای "یۆنایتد مێكس میدیا و ئای ستار"، دەتوانرێ تەلەڤزیۆنە ناوخۆیییەكان وەربگیرێن كە نرخی هەر كامێك لەمانە نزیكەی 40 هەزار دینارە و جگە لە كڕینی ئامێرەكە، دەبێت كارتی باڵانسیش بكڕی كە بۆ مانگێك 15 هەزار دینارە، بۆ شەش مانگ 24 هەزار دینار و بۆ ساڵێك  36 هەزار دینار، بە گشتی كڕین و كرێی ساڵێك 75 هەزار دیناری تێدەچێت.

خۆی پێش 10 ساڵ لەمەوبەر كە هێشتا كەناڵی ناوخۆیی بە دیجیتاڵ نەكرابوون، زۆربەی هاووڵاتییان بۆ بینینی كەناڵە كوردییەكان سوودیان لە ئامێری ریسیڤەری سەتەلایت وەردەگرت و ماڵ نەبوو دوو یان سێ ئامێری سەتەلایتی نەبێت. لە كاتی گواستنەوەی ماڵ لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر یان جووڵەی سینییەكەی لە سەربان بەهۆی رەشەبا، دەبوو بانگی وەستای سەتەلایت بكرێت و دووبارە رێك بخرێتەوە و خەرجی ئەمەش 10 تا 15 هەزار دینار بوو و هیچ بڕە پارەیەك لە بری سەیركردنی كەناڵەكان نەدەدرا.

كاتێك كەناڵە ناوخۆیییەكان بە سیستەمی دیجیتاڵ پەخشەكەیان دەستی پێ كرد، بە كوالێتییەكی بەرز بە پشتبەستن بە ئامێرێكی HD سەرجەم كەناڵەكان پیشان دەدران، هەندێك تەلەڤزیۆنی نوێ پێویستیان بە ئامێرەكەش نەبوو، ئەمەش پێویستی بە سێڵ و وەستای سەتەلایت نەبوو، بەڵكو هەر بە پشتبەستن بە ئارایەڵ، تەواوی كەناڵەكان وەردەگیران. 

ئەم ئاسانكارییە زۆرینەی هاووڵاتییانی لە ئامێری سەتەلایت دوور خستەوە و چیتر بانگی وەستایان نەكرد تا سێڵەكەیان بۆ رێك بخات، چونكە بە رێیەكی ئاسانتر زۆربەی كەناڵەكان بەردەست بوون و كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكانیش هەموویان بە سیستەمی دیجیتاڵی پەخش دەكران.

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا سیستەمی پەخشی دیجیتاڵ كرایە پارە و تەنانەت ئامێرەكانی  HDیش لەكار خران، زۆربەی هاووڵاتییان وای بە باش دەزانن لەجیاتی كرێی مانگانە و ناچار بوون بە كڕینی ئامێری نوێ، بانگی وەستای سەتەلایت بكەن و بە 10 تا 15 هەزار دینار خۆیان لەو بەزمە رزگار بكەن.

ئەم گۆڕانكارییانە لە هەولێر بازاڕی ئامێرەكانی سەتەلایتی خۆش كردووە و ئەو وەستایانەش كە كاریان بەستنی ئامێری سەتەلایت بوو، ئێستە لەبەر زۆری ئیش ناتوانن سەری خۆشیان بخورێنن.

وەستا بایز كە زیاتر لە 15 ساڵە كاری بەستنی سەتەلایت دەكات، ئەم ڕۆژانە وەك خۆی باسی كرد، تەلەفۆن لە دوای تەلەفۆنی بۆ دێت و داوای كاری لێ دەكرێت. ئەو بۆ "وشە" گوتی، "ئێستە هیچ رۆژێك نییە سەتەلایت بۆ چوار تا شەش ماڵ نەبەستم، لە كاتێكدا پێش ئەو ماوەیە هەفتەی دوو سەتەلایتی نەدەبەست".

ئەو هۆی سەرەكی رووكردنی خەڵك لە ئامێرەكانی سەتەلایت بۆ گرانیی ئامێر و كرێی مانگانەی كەناڵە ناوخۆیییەكان دەگەڕێنێتەوە. وەستا بایز بۆ بەستنی هەر سێڵێك لە سەربانی ماڵان 10 هەزار دینار و ئەگەر شوێنەكەش دوور بێت 15 هەزار دینار وەردەگرێت.

ئەمە بازاڕی ئامێرەكانی سەتەلایتیشی خۆش كردووە. زۆر لە ئامێرەكانی سەتەلایت گۆڕانكارییان بەسەر هاتووە و بەهۆی ئەوەی كە سیستەمی بەشێكی زۆر لە كەناڵە ئاسمانییەكان بۆ HD گۆڕاوە، ئامێرە كۆنەكان هەموو كەناڵێك وەرناگرن، بۆیە وەستاكانی بەستنی سەتەلایت دەڵێن دەبێت ئامێری نوێی سەتەلایتیش بێتە كڕین و بەگوتەی ئەوان "بە 10 هەزار دینار دەتوانی ئامێرێكی گونجاو بكڕی".
هێمن ئەحمەد خاوەنی دووكانی تایبەت بە فرۆشتنی ئامێری سەتەلایت، بۆ "وشە" گوتی، "بازاڕمان زۆر باش بووە و هیچ رۆژێك كەمتر لە 15 ئامێر نافرۆشم، لە كاتێكدا ئامێری كەناڵە ناوخۆیییەكانیشم هەیە و هەتا دانەیەكی لێ دەفرۆشم، پێنج  ئامێری سەتەلایت دەفرۆشم، جگەل ەمە خۆم وەستام و رۆژانە چەند جارێك دەردەچم و سێڵی خەڵك لە سەربان دادەمەزرێنم."

لە دووكانەكە ئەو چەند خولەكەی قسەمان لەگەڵ خاوەن دووكانەكە كرد، زیاتر لە سێ هاووڵاتی هاتنە ژوورەوە و نرخی ئامێری سەتەلایتیان پرسی و هەندێكیشیان ئامێرە كۆنەكانیان هێنابوو بۆ ئەوەی كۆپی بكەن، بەڵام پێیان دەگوترا كۆپیش بكەن هەموو كەناڵێك وەرناگرن.

یەكێك لە هاووڵاتییەكان گوتی، "كەناڵە ناوخۆیییەكانیان لێ كردووینەتە پارە لە كاتێكدا زۆر خراپن و شایانی ئەوە نین سەیر بكرێن، یان قسەی ناشیرین فێری خەڵك دەكەن یان حەڵقە توركییەكان دەكەنە كوردی یان خەریكی شەڕە قسەن و هیچ بەرنامەیەكی بە سوودیان نییە، بۆیە هەرگیز ئامادە نیم لە بری سەیركردنیان پارە بدەم. بە ئامێری سەتەلایت دەستم بە پێشكەتووترین كەناڵەكانی دنیا رادەگات."



وشە - سلێمان تاشان