یه‌كه‌م نووسین و ئه‌زموونی ئاوێزان نووری بارێكی نادیاری هه‌یه، سه‌ره‌تا ویستوویه‌تی ئازاره‌كانی له رێی هونه‌ری وێنه‌كێشانه‌وه ده‌ربڕێ، دواتر فڵچه‌كه‌ی ده‌بێته پێنووس و ڕه‌نگه‌كانیش به وشه، تابلۆكانیش دواجار بوون به تابلۆی شیعری. (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس)یش بووه‌ته هانده‌ر و فاكته‌رێك بۆی، هه‌روه‌ها دایكی ئاوێزانیش هه‌میشه هه‌وڵی خستووه‌ته گه‌ڕ. له ده‌قه شیعرییه‌كانیدا ئیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه، چۆن خۆی له‌ناو نووسیندا بدۆزێته‌وه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاوێزان وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
*له كتێبه شیعری (پیاسه‌یه‌ك به كووچه‌كانی قه‌ده‌ر)دا ده‌ڵێیت: شه‌وه، ده‌ستی لێ وه‌شاندووم و خه‌یاڵه‌كانم ترساون. ئایا ئه‌م شه‌وه‌یه چییه وا خه‌یاڵه‌كانتی ترساندووه؟
زۆرجار بۆ جوانتركردنی شیعر، زمان و ده‌سته‌واژه‌ی ژنانه به‌كار دێنم، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌دی شاعیریش له دیوانه‌كه‌یدا زۆر كاری بۆ ئه‌مه كردووه و له زۆر شوێنیش باسی ئه‌مه‌م كردووه، دیاره ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له سه‌رم دروست كردووه، یه‌كێك له‌وانه‌ش وشه‌ی (شه‌وه) بووه كه زۆرجار ئێمه‌یان پێ ترساندووه، زۆر تارمایی هه‌بوون له به‌رده‌ممدا، زۆر كه‌س بووبوونه به‌ربه‌ست تا ئاوێزان دروست نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێن ئیش له‌سه‌ر دروستكردنم بكه‌ن، چونكه مێینه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی خۆ بسه‌پێنن به‌سه‌ریدا، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی كه دروستیش بوو داوای شتێكی لێ بكه‌ن به گوێیان نه‌كات، بتوانن قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه تاكه شه‌وه‌یه‌ك بوو ده‌ستی له شیعره‌كانم وه‌شاندووه، ره‌نگه مێژوویه‌كی جیاواز و چیرۆكێكی جیاواز له پشتی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌وه هه‌بێت، زۆر كه‌س لایان وابوو كه‌سێك هه‌یه له بری ئاوێزان نووری ده‌نووسێت، ڕه‌نگه ئه‌ویش ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر بێت، ئه‌وه ترسێك بوو، شه‌وه‌یه‌ك بوو، بۆ ئه‌وه‌ی شیعر و خه‌یاڵ و وشه‌كانمی تێدا ده‌ربهێنم. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت رۆژێك له رۆژان بمگه‌ڕێنێته‌وه دواوه و هه‌میشه به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو بنێم.
*له شیعری (ئه‌فسووس تۆ دره‌نگ گه‌یشتی) داستان و چیرۆكه كوردییه‌كان بوونیان هه‌یه، له هه‌ناسه شیعرییه‌كاندا، دواجار كاره‌كته‌ری شیعره‌كه كه ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ره به شووشه وه‌سفی ده‌كه‌ی، له‌م شیعره‌دا (یاده‌وه‌ریی، ڕه‌شبینییه‌كی تۆخ، شكستی عه‌شق، چاوه‌ڕوانییه‌كی شێتانه) بوونیان هه‌یه، بۆچی؟
ڕه‌نگه زۆرجار كولتوور ببێته هۆی ئه‌وه‌ی تۆ شتێك بنووسیت، به‌تایبه‌ت بۆ ڕه‌گه‌زی مێ، چونكه ڕه‌گه‌زی مێ له وڵات و كولتووری ئێمه به هاووڵاتی و مرۆڤی پله دوو ده‌ناسرێت. زۆرجار عه‌شق یان ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر یا ئه‌و شته‌ی كه ڕه‌گه‌زی نێر قه‌ده‌غه‌ی كردووه، ئه‌وه ژن پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت، ڕه‌نگه ئه‌م قه‌سیده‌یه شتێكی تایبه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌ریی ته‌واوی ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لیم به‌سه‌ره‌وه‌یه، بۆیه قه‌سیده‌كه‌م پێشكه‌ش به محه‌مه‌دی دڵشووشه و ئه‌و كچانه‌ی كه ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌بینن له‌گه‌ڵی كردووه.
به‌ڵام ئه‌فسووس تۆ دره‌نگ گه‌یشتی، بێگومان عومه‌ر سه‌یده‌ی هاوسه‌رمه، چونكه ئه‌و كاتێ كه گه‌یشت زۆر دره‌نگ بوو، زۆرشت له ژیانماندا تێپه‌ڕیبوون، ده‌بوو زووتر بهاتایه، بۆیه كاریگه‌ریی چیرۆكه‌كه و دره‌نگ گه‌یشتنی هاوسه‌ره‌كه‌م بوون به هه‌وێنی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌م. له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لیدا خۆم بینییه‌وه و نه‌مده‌زانی چۆن چۆنی به عومه‌ر سه‌یده بڵێم: خۆشم ده‌وێی. ئه‌مه هه‌ر چیرۆكی من نییه، به‌ڵكو چیرۆكی هه‌زاران كچی كورده، به راستی هاوسه‌ره‌كه‌م كه‌سێكی شووشه‌یییه و دره‌نگیش گه‌یشت پێم، هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشمان ده‌وێن هه‌میشه دره‌نگ ده‌گه‌ن.
له‌م قه‌سیده‌یه و ته‌واوی قه‌سیده‌كانی تر هه‌وڵم داوه له ڕێی راسته‌قینه‌ی ناخی خۆمدا بوونی ژن بنووسمه‌وه وه‌ك خۆی. بۆیه تاكه شتێك كه بیرم لێی كرده‌وه توانیم له ڕێی وشه‌كانم داونه‌ریت و كولتوور به به‌رگی شیعر دابپۆشم، ئه‌گه‌ر به یه‌ك رسته‌یش بێت تۆ ده‌توانیت كارێكی جوان بۆ ئه‌وه بكه‌ی كه بۆچی جیاوازیی هه‌بێت له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز.
*له كتێبه شیعری (به‌رسیله عیشقێ بۆ خودا) هه‌رچه‌نده نۆستالیجیا به ئاوێته‌كردنی فانتازیا به‌سه‌ر شیعره‌كاندا په‌رش و بڵاو بووه‌ته‌وه، وه‌لێ له ڕووی ته‌كنیكی شیعرییه‌وه لاوازی پێوه دیاره، ئایا تۆ چۆن له ته‌كنیكی شیعر گه‌یشتووی و تا چه‌ند بۆ پرۆسه‌ی شیعر پێویسته؟
بێگومان فه‌لسه‌فه، ته‌كنیك، موزیك، پێویسته له‌ناو شیعردا هه‌بن، من نازانم ڕه‌نگه ئه‌وه لای تۆ وه‌ها بێت، سوپاست ده‌كه‌م كه‌وا ده‌ڵێی "شیعره‌كانت له ڕووی ته‌كنیكه‌وه لاوازی پێوه دیاره". بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم گۆڕانێكی تێدا بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه ئێمه ده‌بێت فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی باو و ته‌كتیك و هه‌موو ئه‌و شتانه بده‌ینه لاوه و دوو دێڕی جوان بنووسین، ته‌نیا دوو دێڕ بێت، هه‌م خزمه‌ت به ئه‌ده‌بی تۆ بكات، هه‌میش په‌یامێكی مرۆیی تێدا بێت و ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه خۆی تێدا ببینێته‌وه، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم شاعیر ته‌نیا خۆی بنووسێته‌وه، ده‌بێت هه‌م ئاوێزان نووری و هه‌م غه‌مگین بۆڵی ده‌بێت ئاوێنه بن بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌تخوێنه‌وه، یان ده‌خوێنه‌وه. چونكه ئه‌م شیعرانه‌ی پڕن له هونه‌ری فۆڕم و ته‌كنیك و فره‌ده‌نگی، ته‌نیا كه‌سانی ده‌سته‌بژێر ده‌توانن ڕامانی بۆ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌وانیش ده‌یخوێننه‌وه، یان كۆمه‌ڵێك وشه و ده‌سته‌واژه به‌كار بێنی كه‌س تێی نه‌گات. ئه‌وه‌ی لای من گرینگه ئه‌وه‌یه په‌یامه‌كه‌م بگات به شوێنی مه‌به‌ست، من ئه‌ركێكی گه‌وره و پیرۆزم له‌سه‌رشانه و ده‌بێت هه‌میشه بیر له‌وه بكه‌مه‌وه تا چه‌ند غه‌درم له ئه‌ده‌ب كردووه، بیر له شیعره‌كانی سه‌ره‌تام بكه‌مه‌وه و به‌خۆمدا بچمه‌وه .
*له پرسیاری سه‌ره‌وه‌دا ویستوومه ئه‌وه‌ت لێ بپرسم تۆ تا چه‌ند له ته‌كنیكی شیعر گه‌یشتووی؟
من نازانم لای ئێوه ته‌كنیك چییه له شیعردا؟ پێم وایه ته‌كنیك شتێك نییه ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی بۆ بكه‌ی، شتێك نییه ناوی ته‌كنیك بێت، شتێك هه‌یه كه ناوی چۆنیه‌تی به‌كارهێنانه، چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ستایله‌كان، ستایلی نوێ و چۆنیه‌تی داهێنان.
*دووری و بێده‌نگی ئه‌و كه كاره‌كته‌ری شیعرگه‌لی تۆیه، تۆی ده‌سته‌مۆی ته‌نیایی كردووه، ئایا ئه‌م ته‌نیایییه چییه كه یه‌خه‌ت به‌ر نادات؟
ته‌نیایی بیركردنه‌وه‌یه، ته‌نیایی چۆنیه‌تی بڕیاردانه، كاتێ بته‌وێت ببی به نووسه‌ر و بته‌وێت ببی به كه‌سێكی جیاواز، پێویستت به ته‌نیایییه، ڕه‌نگه ته‌نیایی من جیاواز بێت له‌گه‌ڵ ته‌نیایی تۆ، ته‌نیایی خۆی له چاورچێوه‌یه‌كدا نابه‌ستێته‌وه بڵێین: كچێك خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌جێی هێشتووه، ته‌نیایه، ئه‌مه ته‌نیایی نییه، تۆ ئه‌گه‌ر هه‌ستت كرد بڕیاره‌كانت نامۆیه، بیركردنه‌وه‌ت نامۆیه، ئه‌وه تۆ كه‌سێكی ته‌نیایی. ته‌نیایی به نامۆبوونی مرۆڤه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، جا نامۆیی له كولتوور بێت یان له فه‌رهه‌نگ و نووسیندا بێت.
*له‌ناو ته‌نیایییه‌كانی تۆدا ڕه‌شبینییه‌كی تۆخ به‌دی ده‌كرێت، ئایا ئه‌م ڕه‌شبینییه تۆخه بۆچی؟
كاریگه‌ریی چوارده‌ورم و كولتوور و داونه‌ریت و ژیانی تایبه‌تی خۆمه، ڕه‌نگه ئه‌و وه‌ها ڕه‌شبینم بكات، ناكرێت تۆ له‌ناو تازیه‌یه‌كدا سه‌رچۆپی بگریت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه شیوه‌ن بكه‌ی، به‌ڵام ئه‌و شیوه‌نه ده‌بێت به زمانێك پێشكه‌شی بكه‌ی كاریگه‌ریی نه‌خاته سه‌ر خۆی. بێگومان من كه‌سێكی ڕه‌شبین نیم، به‌ڵام ڕه‌شبینی وڵاته‌كه‌ی خۆمه ده‌یگێڕمه‌وه، من ئه‌وه‌نده كه‌سێكی بێهیوا نیم كه له شیعره‌كانمدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌وه من نیم، چۆنكه من ته‌نیا خۆمم نه‌نووسیوه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌مانه قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت، جا له هه‌ر بوارێكدا بێت، چونكه قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕه‌شبینییه‌ك و ده‌ستنیشانكردنی، دواتر ده‌توانرێت چاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه.
*گێڕانه‌وه و یاده‌وریی له شیعره‌كانتدا به تایبه‌ت له یه‌كه‌م به‌رهه‌متدا زیاتر هه‌ستی پێ ده‌كرێت، له‌به‌رچی؟
زۆرجار گوتوومه زۆر خۆشحاڵ نیم كه به‌رهه‌می یه‌كه‌مم بڵاو كردووه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خۆمه، باسی خۆمه، خۆمم نووسیوه‌ته‌وه، به‌ڵام بیریشت نه‌چێت هه‌موو نووسه‌رێك سه‌ره‌تا به‌نووسینه‌وه‌ی خۆی ده‌ست پێ ده‌كات. تۆ له سه‌ره‌تاوه نه‌توانی خۆت بنووسیته‌وه، ئه‌وا دواتر ناتوانی كه‌سێكیتر بنووسیته‌وه، ناتوانی كۆمه‌ڵگه بنووسیته‌وه و ناتوانی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كان بنووسیته‌وه، بۆیه پێوسته تۆ خۆت بنووسیته‌وه تا خاڵی ده‌بیته‌وه،بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وروبه‌رت بنووسیته‌وه. واتا له رێی خۆته‌وه دنیا بدۆزیته‌وه.
*ڕۆمانی "نامه‌كانی نامۆ" كه خۆت چیرۆكخوانیت و وه‌ك چیرۆكخوانێكیش گوایه باسی ئه‌و ناكه‌ی، ئایا ئه‌مه له‌به‌رئه‌وه‌یه كه تۆ به‌شێكی له ئه‌و، یان بوونی خۆتی تێدا ده‌دۆزییه‌وه؟
هه‌موو تاكێكی ئێمه پێی ده‌ڵێن دابڕانی كه‌سییه‌تی، من نامه‌وێت دووباره بێمه‌وه سه‌ر باسی سیاسه‌ت و باری كولتووری و فه‌رهه‌نگی، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌موو كاریگه‌ریی خۆیان به‌سه‌رییه‌وه هه‌یه، ئێمه هه‌موومان تووشی دابڕانێك بووینه، ئه‌م دابڕانه به په‌روه‌رده‌ی ناوه‌وه‌ی خێزانی ئێمه ده‌ستی پێ كردووه، كاتێك تۆ وه‌ك ئینسانێكی ساده و ئازاد له دایك ده‌بیت، دواتر ئه‌مانه‌تت لێ ده‌سێنرێته‌وه و مامۆستا له قوتابخانه بڕِیارت له‌سه‌ر ده‌دا، كۆمه‌ڵگه بڕیارت له‌سه‌ر ده‌دا، باوك، دایك، برا، خزمه نزیكه‌كانت، بۆیه تۆ نا‌توانیت هه‌رگیز خاوه‌نی خۆت بیت، به‌تایبه‌تیش ژن هه‌رگیز نه‌یتوانیوه خاوه‌نی خۆی بێت، كه‌سانێك به‌رده‌وام بوونیان هه‌یه بۆ خاوه‌نی، به‌رده‌وام كه‌سانێك هه‌بوونه له بری ئه‌و بڕیاریان داوه و ژیانیان بۆ ده‌ستنیشان كردووه. منیش یه‌كێكم له‌وانه‌ی تووشی دابڕانی كه‌سییه‌تی بووم. ئه‌وه‌ش من نیم ئه‌وه‌م قبووڵه، تۆش ئه‌وه نیت كه ئه‌وه‌ت قبووڵه، تۆ له ناخه‌وه ئینسانێكی، به‌ڵام له ده‌ره‌وه كه‌سێكی تری له‌به‌ر كۆمه‌ڵگه، ده‌بێت به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی بۆت كێشراوه مامه‌ڵه بكه‌ی. بۆیه له‌ناو "نامه‌كانی نامۆ"دا ئیشم له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه ئینسان ده‌بێته چوار پێنج به‌شه‌وه، ئه‌م ڕۆمانه كه ناو نراوه ڕۆمان، ئیتر نازانم تا چه‌ند ڕۆمانه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م له به‌رگی دووه‌مدا ئیش له‌سه‌ر خه‌یاڵی فراوانتر بكه‌م.
*(ئه‌و) و (شێته) و (نامۆ) كه سێ كاره‌ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه‌ته، ئایا چۆن له‌ناو ئه‌وانه‌دا خۆت ده‌دۆزییه‌وه كه رۆمانه‌كه پردێك بێت له نێوان خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌دا؟
ئه‌و حیكایه‌تی شێته و نامۆ ده‌گێڕێته‌وه، راستییه‌كه‌ی هه‌رسێكیان یه‌ك كه‌سن و ده‌وری جیاجیا ده‌بینن، ئه‌و كه له ژووره‌كه‌دایه له به‌رده‌م ئاوێنه‌دا حیكایه‌تی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، نازانێت ئه‌مه حیكایه‌تی خۆیه‌تی، باسی شێته ده‌كات كه عه‌شقی كه‌سێكه ناوی نامۆیه، ئه‌و ناوێرێت به زمانی خۆی باسی مه‌عشووقه‌كه‌ی بكات، بۆیه هاتووه له ژووره‌كه‌ی خۆی حیكایه‌ته‌كه‌ی بۆ ئاوێنه باس ده‌كات، له كۆتادا نامه‌یه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كان ئاشكرا ده‌كات، له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌زانی كه ئێمه خۆمان نین.
وشه/ دیمانه- سه‌ركه‌وت نه‌جات