بۆ یه‌كه‌م جار فۆتۆگرافه‌رانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان پێكه‌وه پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافیان له شارۆكه‌ی زاخۆ و له‌سه‌ر پردی ده‌لال كرده‌وه كه 31 فۆتۆگرافه‌ر به‌شداری تێدا كردبوو له شار و شارۆكه جیاوازه‌كانی كوردستان.
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌م 16ی ئه‌یلوول/سێپتێبه‌ر، شێرزاد ڕه‌سوڵ سه‌رۆكی رێكخراوی كوردستان فۆتۆ به "وشه" ی راگه‌یاند، رێكخراوی كوردستان فۆتۆ به هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری و رۆشنبیری بۆ یه‌كه‌م جار پێشانگاییه‌كی فۆتۆگرافیان له زاخۆ كرده‌وه.
زیاتر گوتی، پێشانگاكه به شێوازی گه‌رۆك بووه و 31 فۆتۆگرافه‌ری هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌شداریان تێدا كردووه فۆتۆكانیش بابه‌تی جۆراوجۆربوون، به‌ڵام زیاتر ئاماژه بۆ ژیانی كورد له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان ده‌كرد و جوان و پێكه‌وه ژیانی كورده‌كانی ده‌خسته ڕوو.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه له پێشانگاكه‌دا 31 تابلۆ نمایشكران و پێشانگاكه له ته‌نیشت پردی ده‌لال له زاخۆ به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له فۆتۆگرافه‌ر و دام و ده‌زگای حكوومی و حزبی و جه‌ماوه‌رێكی زۆر كراییه‌وه و ته‌نیا روژێك به‌رده‌وام ده‌بێت.
زاخۆ/ نه‌وزاد هلۆڕی