له نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌وه، تۆپخانه‌كانی توركیا به بیانووی بوونی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، تۆپبارانی گونده‌كانی ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵای سه‌ر به شارۆكه‌ی ئامێدی ده‌كه‌ن، هاووڵاتییه‌كی كریستیان برینداربووه و زیانی زۆریش به‌ر پووش و پاوان و باخی ناوچه‌كه گه‌یشتووه.
ڕێبه‌ر دێرشكی هاووڵاتییه‌كی ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵا بۆ "وشه" گوتی، له نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆوه تۆپخانه‌كانی توركیا به چڕی بۆردمانی گونده‌كانی ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵا له سنووری شاره‌دێی كانی ماسێ ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی دا، تۆپبارانه‌كه زیاتر گوندی دورێی كردووه‌ته ئامانج و تا ئێسته‌یش هاووڵاتییه‌كی كریستیان برینداربووه و ئاگرێكی گه‌وره‌یش له ناوچه‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه و زیانی زۆر به ژینگه و باخ و بێستانی ناوچه‌كه گه‌یشتووه و ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆریش له دڵی خه‌ڵكی ناوچه‌كه دروست بووه.
به‌گوێره‌ی ئامارێك كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، توركیا له ڕێی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان و تۆپخانه‌كانی به‌رده‌وام 14 گوندی ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵای كردووه‌ته‌وه ئامانج و به چڕی بۆردمانی ده‌كات، به‌گشتی ئه‌مساڵ توركیا 139 جار به فڕۆكه و تۆپ سنووری شارۆكه‌ی ئامێدی بۆردمان كردووه، به‌وهۆیه‌وه 11 شه‌هید و برینداری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ڕێكخراوی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی "هیومان ڕایتس وۆچ" به فه‌رمی ناڕه‌زایی له توركیا ده‌ربڕی، كه بۆردمانه‌كانی له سنووری نێوان عێراق و توركیا خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كردووه‌ته قوربانی و پێشێلكاری و تاوانی جه‌نگی ئه‌نجام داوه.
وشه/ دهۆك.