ئه‌و كچه فه‌له‌ستینییه‌ی به په‌یامی ڤیدیۆیی له ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌وه پشتیوانی خۆی بۆ كوردستان ده‌ربڕی، سه‌ردانی كوردستانی كرد و بڕیاره دوو گۆرانی به زمانی كوردی تۆمار بكات.
حه‌سنا عومه‌ر كچه نابینایه‌كی فه‌له‌ستینییه، له‌به‌ر خۆشه‌ویستی بۆ كوردستان و زمانی كوردی، خۆی فێری زمانه‌كه كردووه و ده‌توانێ گۆرانیی كوردیش زۆر به باشی بڵێته‌وه.
ئه‌و كچه ئێسته له هه‌ولێره و كار بۆ تۆماركردنی دوو گۆرانی به زمانی كوردی ده‌كات، كه له ستۆدیۆی هونه‌ری تاریق خانه‌قینی هونه‌رمه‌ند، به هاوكاری موزیكژه‌نانی شاری هه‌ولێر دوو گۆرانییه فۆلكلۆرییه كوردییه‌كه‌ی تۆمار ده‌كات.
حه‌سنا له سه‌ره‌تای رۆژانی هاتنی بۆ هه‌ولێر له لایه‌ن د. سالار عوسمان بریكاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لێ كرا، ئه‌و بریكاره به "وشه"ی گوت: حه‌سنا سه‌رۆك بارزانی و پێشمه‌رگه وه‌ك دوو سیمبۆلی رۆحی خۆی داده‌نێت، بۆیه هێنده حه‌ز به زمانی كوردی ده‌كات و خۆشه‌ویستی بۆ كوردستان هه‌یه.
حه‌سنا عومه‌ر ته‌مه‌نی 18 ساڵه، له شاری تۆلگرامی فه‌له‌ستین ده‌ژی، له‌سه‌ر داوای بارزانی هاته هه‌رێمی كوردستان، له بواری موزیك و گۆرانی به‌هره‌یه‌كی باشی هه‌یه، خولیایه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری بۆ فێربوونی زمانی كوردی هه‌یه، بۆیه زۆر به باشی خۆی فێری زمانه‌كه كردووه و ده‌زانێ قسه‌ی پێ بكات و گۆرانیی كوردیش بڵێته‌وه، جگه له زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و ئه‌ڵمانیش به باشی ده‌زانێت.
وشه/شاخه‌وان شێخانی