عێراق.. هەوڵی كەمكردنەوەی ژمارەی جێگرانی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەدرێت

:: PM:09:09:20/09/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیروون ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانیەتییەكەیان بە نیازە لە دانیشتنی سێشەمی داهاتووی پەرلەمان واژووی پێویست كۆ بكاتەوە و بیدات بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی تەنیا یەك جێگر بۆ هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران.  

بەپێی سیستەمی سیاسی پێڕەوكراو لە عێراق پۆستەكان بەسەر پێكهاتەكان دابەش كراون و ئەوان لە هەر پۆستێكی سێ سەرۆكایەتییەكە پشكیان هەیە، واتە هەر پۆستێكی سەرۆكایەتی لە سێ پۆست پێكهاتووە، كە ئەوەیش بارگرانییەكی زۆری دارایی دەخاتە سەر بودجەی عێراق.

غایب عومێری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون كە لەلایەن موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكرێت لەو بارەوە گوتی، سائیروون هەمواركردنێكی دەستوور دەخاتە روو بەوەی بۆ پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و وەزیران تەنیا یەك جێگریان هەبێت، ئەوەیش لە رێگەی كۆكردنەوەی واژووی پەرلەمانتاران لە دانیشتنی سێشەمی داهاتووی پەرلەمان و پێشكەیشكردنی بۆ سەرۆكی پەرلەمان.

زیاتر گوتی، سەرۆك وەزیران دەسەڵات و ئەركی زۆری هەیە و پێویستی بە چەند جێگرێك نییە، هەروەها سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفییە و پێویست بەو ژمارە جێگرە ناكات وەك ئەوەی پێشتر هەبوو، بۆیە سائیروون لە دانیشتنی داهاتوودی پەرلەماندا یەكەم پێشنیازی بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل