كچە شێوەكارێك لە ڕێی هونەری شێوەكارییەوە ئاوڕ لەو كەسانە دەداتەوە كە نەخۆشی دەروونیان هەیە و لە كۆمەڵگەدا بەشێوەیەكی جیاواز دەردەكەون.
لەرێ نەجمەدین ئەو شێوەكارەیە كە وێنەی ئەو كەسانە دەكێشێت كە كێشەی دەروونیان هەیە. لەرێ خەڵكی چەمچەماڵە و لە سلێمانی نیشتەجێیە و تەمەنی 20 ساڵە و خوێندكاری قۆناغی چواری كۆلیژی هونەرە جوانەكانە لە زانكۆی سلێمانی.
لەرێ سەبارەت بە بیرۆكەی ئەو شێوازە وێنەكێشانە، بە "وشە"ی گوت، هەمیشە حەزم كردووە كە كارەكانم لەسەر دەروون بێت و ئەوەیش بۆ چەند ساڵێك دەبێت، لە پێشانگایەكدا نمایشم كرد و دەمەوێت ئەوە بگەیەنم كە دەكرێت هەموومان جۆرێك لە نەخۆشی دەرونیمان هەبێت، بەڵام لە خۆمانی دەشارینەوە و نامەنەوێت دەری بخەین.
زیاتر گوتی، لە پێشانگاكەدا نزیكەی ٦٠ تابلۆم نمایش كرد و بە تەكنیكی جیاواز و هەڵبژاردنی فۆتۆی جیاواز كە تایبەت بوو بەو كەسانەی نەخۆشیی دەروونیان هەیە.
ئەو شێوەكارە باس لەوەیش دەكات، تابلۆكانم بە مادەی جیاواز دروست كردووە كە بە بۆیەی ڕۆنی و كەنڤاس-م بەكارهێناوە لەگەڵ پێنوس و خەڵوز.
سلێمانی / لۆڤە محەمەد