لە ئەفغانستان هەڵبژاردن دەستی پێ كرد

:: AM:09:48:20/10/2018 ‌

لە ئەفغانستان دەرگای بنكەكانی دەنگدان بەرووی هاووڵاتییاندا كرایەوە و بۆ یەكەم جاریش لەو وڵاتە بە سیستەمی بایۆمەتری و ئەلیكترۆنی خەڵك بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن.

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەفغانستان بۆ میدیاكان باسی لەوە كرد كە لە هەندێك وێستگە درەنگتر لە كاتی ئاسایی دەست بە هەڵبژاردن كراوە، بۆیەش لە ئێوارەدا كاتی هەڵبژاردن درێژ دەكەنەوە بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتییان لە بەشداریكردنی دەنگدان نەفەوتێت.

بەگوێرەی "بی بی سی" لە ئەفغانستان لە كاتێكدا هەڵبژاردن دەكرێ كە مەترسی تیرۆر و تەقاندنەوە لە بەشێكی ویلایەتەكان لە ئارادایە و تا ئێستە چەند حاڵەتێكی دانانەوەی مینی چێنراو پووچەڵ كراوەتەوە.
 
لە ئەفغانستان هەر ویلایەتێك كراوەتە یەك بازنەی هەڵبژاردن و ژمارەی نوێنەرەكانیش بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەكان دیاری دەكرێت.

لە 250 كورسییەكەی پەرلەمانی ئەفغانستان 10 كورسی تایبەت كراوە بە هۆزەكان و بەگوێرەی یاساش 27%ی كورسییەكانی پەرلەمان دەبێت بۆ ژنان بێت.

ژمارەی دانیشتووانی ئەفغانستان بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 2016 بریتییە لە 33 ملیۆن كەس و كۆی داهاتی نەپاڵاوتووی نیشتمانیی ئەو وڵاتەش دەگاتە 65 ملیار دۆلار.

لە عێراقدا خەڵك بیرەوەرییەكی خۆشیان لە سیستەمی ئەلیكترۆنی دەنگداندا نییە، چونكە لە هەڵبژاردنەكە فێڵی گەورە كرا و عێراقی تووشی دۆخێكی نالەبار كرد و سەرووی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا حكوومەت دانەمەزراوە و دیار نییە ئەو ئەزموونە نوێیەش بۆ ئەفغانستان چۆن دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان