بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لیژنەیەكمان پێكهێناوە و دەچینەوە لای پارتی، بۆ ئەوەی پێوەندییەكان ئاسایی بكەینەوە.
نەوشیروان میرزا پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، یەكێتی لیژنەی پیكهێناوە تا بگەڕێتەوە لای پارتی و بە لیژنەیەكی هاوبەشیش گفتوگۆ دەكەن، بۆ ئەوەی پۆستەكانی حكوومەتی نوێی كوردستان دابەش بكەن، پابەندی ئەو ویستەیش دەبین كە لەسەر بنەمای كورسی هەر لایەنێك پۆستەكان دابەش بكرێن.
ڕۆژنامەی "
حەیات"ی لەندەنی بڵاوی كردووەتەوە، لیژنەكەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دەبێ و سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و بەرپرسانی باڵای پارتی كۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی پارتی لە حكوومەتی كوردستان پۆست بە یەكێتی بداتەوە، یەكێتی دەیەوێ پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت و پارێزگاری كەركووك و چەند وەزارەتێكی حكوومەتی هەولێر وەربگرێتەوە، بۆیە ناچارە بۆ پارتی بگەڕێتەوە و سازشی بۆ بكات.
لە بەرانبەر ئەوەدا عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، پارتی پێشوازی لە هەر شاندێك دەكات بیەوێ لەگەڵ ئێمە كۆ ببێتەوە و پێشوازی لە شاندەكەی یەكێتیش دەكەین، هەرچەندە تێبینی زۆرمان لەسەر ئەدای كاركردنی ماوەی ڕابردووی یەكێتی هەیە. بەڵام گفتوگۆ دەكەین.