ئێران پشتی تێكردووە.. ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هێشتا هیوا لەسەر ئێران هەڵدەچنێت

:: PM:07:17:20/10/2018 ‌
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی تاكە هێزی شیعەی عێراقییە بە بڕیاری خومەینی دامەزراوە و بەشداریش بووە لە جەنگی دژ بە عێراق، لە دوای مردنی خومەینی و پاشان رووخانی رژێمی بەعس هەڵوێستی ئەو حزبە بەرانبەر بە ئێران گۆڕدرا، بەڵام دوای شكستی هەڵبژاردن خۆی هەڵدەداتەوە باوەشی ئێران لە وەختێك دەیان گرووپی تر جێگەی ئەویان گرتووەتەوە و ئێرانیش پشتی تێكردووە.

شكستی سیاسی و پەرلەمانی لە 2003ەوە تا 2018
لە وەختێك ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی 37مین ساڵیادی دامەزراندنی دەكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، دوای شكستی سیاسی ئەوا رووبەڕووی شكستێكی گەورەی هەڵبژاردنیش بووەوە.

دوای چوونە دەرەوەی عەمار حەكیم و وازهێنانی لە سەركردایەتی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و دانانی هەمام حەموودی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو وێڕای ئەوەی حەموودی نەیتوانی كورسی پەرلەمانی بەرێت ئەوا ئەنجوومەنیش تەنیا سێ كورسی بەدەستهێنا.

لە یەكەم هەڵبژاردندا لە 15ی ئەیلولی 2005، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و هێزە شیعەكانی تر، هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوویان پێكهێنا و توانیان لە كۆی 275 كورسی، 109 كورسی بەدەست بهێنن كە 29 كورسی هی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوو.

لە هەڵبژاردنی خولی دووەم كە لە حەوتی ئادار/ مارسی 2010 بەڕێوەچوو، ژمارەی كورسییەكانیان كەمی كرد، هاوكات لە هەڵبژاردنی 2014 دیسان ژمارەی كورسییەكانیان كەمتر بووەوە، كە گەندەڵی و پێوەستبوون بە ئێران بە دوو هۆكاری سەرەكی دادەنرێت.

لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018، بنەماڵەی ئەلحەكیم پشت لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەكەن و عەمار حەكیم رەوتی حكمە دادەمەزرێنێت و لە هەڵبژاردندا توانی 19 كورسی بەدەست بهێنێت.

ساڵیادی دامەزراندن و گەڕانەوە بۆ گوتاری پێوەست بوون بە ئێران
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە فەرمی لە 17ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 1982 لە ئێران دامەزرا، وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە بڕیاری تایبەتی خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمەش وای كرد حزبە شیعەكانی تری ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە تایبەت حزبی دەعوە لاواز ببن.

هەروەك لە ناوەكەی دیارە كە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە حزبێكی ئیسلامی ناچێت، بەڵكو ئەنجوومەنێكە بۆ لە خۆ گرتنی حزبەكانی تریش، رۆڵی ئەو ئەنجوومەنە كە پشت ئەستوور بووە بە مەرجەعیەتی محەمەد باقر ئەلحەكیم، بڕیاریاندا كە هاوشانی رژێمی ئێران دژ بە رژێمی عێراقی لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەو دوو وڵاتە شەڕ بكەن، بۆ ئەمەش فەیلەقی بەدریان دامەزراند كە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بوو.

كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەستوەردانی دەكرد لە كاروباری ناوخۆی عێراق، تەنانەت دەیان كردەی سەربازییان لەناو عێراق ئەنجامدا.

لە سەرەتادا ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەلایەن مەحموود شاهرودی سەركردایەتی كرا، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی شەهرودی و وەرگرتنی پۆستی باڵاتر و گرنگتر لە كۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیاریەتی ئەنجوومەن بۆ محەمەد باقر حەكیم جێهێشت. دوای گرتنە دەستی بەرپرسیاریەتی ئەنجوومەن، حكوومەتی بەعس براكەی محەمەدیان لە عێراق كوشت،  دوای ئەوەی چەندان كردەی چەكداری و تەقینەوەیان دژ بە رژێمی بەعس ئەنجام دا.
 
مردنی خومەینی و پشتكردنە ئێران
دوای مردنی خومەینی و دانانی عەلی خامنەیی لە جێگەیدا، ئەلحەكیم چیتر باوەڕی بەوە نەبوو بەدوای ویلایەتی فیقهی بكەوێت لەسەر دەستی خامنەیی بەڵكو پێی وابوو ئەو كوڕی گەورە مەرجەعی شیعە موحسین ئەلحەكیمە، پێی وابوو ئەو لە رووی زانستی زۆر لەسەرووی خامنەییە، بەڵام بێدەنگی هەڵبژارد تا 2003 و گەڕانەوە بۆ عێراق.

لە یەكەم دەرفەتی گەڕانەوە بۆ عێراق، محەمەد باقر حەكیم لە بەسڕە یەكەم گوتاری خۆیدا، وازی لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هێنا و رادەستی عەبدولعەزیزی برای كرد كە ئیدارەی ئەنجوومەن بدات. لە گوتارەكەیدا محەمەد باقر بەهیچ شێوەیەك باسی رۆڵی ئێرانی نەكرد، بەڵكو رای گەیاند كە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنیدایە، بۆیە تا ئێستەیش پرسی مردنەكەی گومانی لەسەر هەیە بەوەی ئێران لە پشتەوەی بووە.

گەڕانەوە بۆ باوەشی ئێران
دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە براكەی، عەبدولعەزیز حەكیم زۆر پێوەست بوو بە ئێران، تەنانەت یەكەم كەسایەتی سەركردەی شیعەی عێراقی بوو داوای كرد پێویستە عێراق قەرەبووی جەنگی هەشت ساڵە و زیانەكانی ئەو جەنگە بداتەوە بە ئێران، تەنانەت لەو گوتارەیدا دووپاتی لە پێوەست بوونی ئەنجوومەنی بە ئێران كردەوە، ئەمەش بەیەكەم هۆكاری پاشەكشەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەن دادەنرێت كە متمانەی خەڵكی لە دەستدا.

لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی رۆڵی كاریگەری هەبوو لە یەكخستنی هێزە شیعەكانی تر بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی عێراقی یەكگرتوو، یانیش هاوپەیمانی نیشتمانی كە هاوپەیمانیەتێكی تەواو تایفی شیعی بوو. لە پای دروستكردنی ئەو هاوپەیمانیەتییە، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆ و دارایی و نەوتی بۆ چەند خولێكی هەڵبژاردن وەرگرت، تەنانەت پۆستی باڵاشی وەرگرت لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پارێزگارەكانی شارەكانی باشووری عێراق.
 
پاشەكشەی سیاسی
ئەنجوومەنی ئیسلامی بە پشتگیری ئێران هەوڵیدا هەرێمێك لە ناوەڕاست و هەرێمێك لە باشووری عێراق دامەزرێنێت، بەڵام هەوڵەكانی شكستی هێنا، دوای مردنی عەبدولعەزیز ئەلحەكیم، سەركردایەتی حزبەكە كەوتە دەست عەمار حەكیمی كوڕی لەسەر بنەمای وەسیەتنامەی باوكی.

بنەماڵەی ئالحەكیم لەبەر ئەو گەندەڵییەی زۆرەی ئەنجامی دا، متمانەی عێراقییەكانیان بە تەواوەتی لە دەستداوە، محەمەد باقر ئەلحەكیم مەزارگەیەكی بۆ باقر حەكیم دروستكرد و ناوی نا شەهیدی میحراب، بەهۆی ئەوەی باقر حەكیم لەو كاتەی بەهۆی تەقینەوەیەك كە رژێمی بەعس دژی ئەنجامی دا، لە مزگەوت و لەسەر بەرماڵ بووە. بەڵام نەوەكانی لەسەر مەزاری باپیریان سەرقاڵی گەندەڵی و بازرگانین، تەنانەت عەبدولعەزیز كە بە عەزیزی عێراق ناساندیان، بەهۆی ئەوەی داوای كرد دەبێت عێراق زیانەكانی ئێران لە جەنگی هەشت ساڵە بداتەوە، متمانەی خەڵكی لە دەستدا، ئەگەرچی خۆیشی لە سەردەمی شەڕەكەدا بەرپرسی ئەو تەقینەوانە بوو كە ئێرانییەكان دژ بە سوپای عێراق دەیان كرد، بەڵام هەوڵەكانی ئەو بنەماڵەیە بەهۆی گەندەڵی دارایی و شكستی سیاسی ئەو نازناوانە بەر تانەی عێراقییەكان كەوتن.

ئێران پشت لە ئەنجوومەن دەكات  
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەممار ئەلحەكیم، لەتبوون لەناو ئەنجوومەنی باڵا رووی دا و هادی عامری سەركردەی فەیلەقی بەدر كە باڵی سەربازی ئەنجوومەن بوو، جیابوونەوەی را گەیاند و خۆی وەك رێكخستنێكی سیاسی ناساند.

ئێرانییەكان لەو لەتبوونەدا زیاتر پشتگیرییان لە هادی عامری كرد، ئەو كەسەی لە جەنگی نێوان عێراق و ئێران بەوە ناوبانگی دەركرد بوو كە "خومەینی بڵێ ئاشتی ئەوا ئاشتییە بڵێت شەڕ ئەوا شەڕە"، تەنانەت ئێستە بە جەنەڕاڵی ئێرانی لە عێراق دەناسرێت. دوای هادی عامری، ئەوا عادل عەبدولمەهدییش لە ئەنجوومەنی باڵا جیا بووەوە و خۆی سەرقاڵی رۆژنامەی عەدالە كرد كە ئێستە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

عەمار حەكیم دوای لاوازبوونی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بڕیار جیا بوونەوە و جێهێشتنی ئەنجوومەنەكەی دا، پاشان رەوتی حكمەی دامەزراند، چاودێرانیش دەڵێن دوای جیابوونەوەی عەمار هەستی بە دڵنەوایی كردووە بەرانبەر بە بەرپرسانی عێراقی كە ئیتر خۆی بڕیاردەرە و لەژێر عەبای ئێرانی هاتووەتە دەرەوە.
 
ئەنجوومەن گرەو لەسەر پشتگیری ئێران دەكات
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێت بە ئەندامی پەرلەمان، لەو كاتەی خۆی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بوو، شكستێكی گەورە بەرۆكی ئەنجوونی گرتووە كە تەنیا سێ كورسی بەدەستهێناوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات.

ئێستە ناوخۆی ئەنجوومەنەكە كە ئامادەكاری دەكەن بۆ ساڵیادی دامەزراندنیان، دابەشی سەر دوو بەرە بوونە، بەرەیەكیان ویست و پابەندبوونیان بە ئێران بە ئاشكرا دەردەبڕن، بەرەكەی تر بۆچوونێكی تری هەیە بۆ ئیدارەدان و شێوازی حوكمڕانی لە داهاتووی عێراق دا و لەگەڵ ئەوەدا نییە ئێران دەستوەردان بكات لە دۆخی ناوخۆی عێراق.
 
چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن عەمار حەكیم، ناوبراو پەیامی بۆ ئێران نارد، بەڵام تا ئێستەش وەڵامی پەیامەكەی نەدراوەتەوە، ئەمەش وای كرد دوای 37 ساڵ لە دەستگرتن بەسەر ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بنەماڵەی ئالحەكیم ئەو حزبە بەجێبێڵن، ئێستەش ئەنجوومەن لە پێگەیەكی زۆر لاواز دایە و وەك جاران لای ئێرانییەكان جێی پێشوازی لێكردن نییە و پشتگوێ خراوە، بەتایبەت لەگەڵ دروستبوونی هێزی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی وەك حزبوڵا و عەسایب ئەهل حەق كە پلانی ئێرانی بێ كەموكوڕی و گفتوگۆ لەسەركردن جێبەجێ دەكەن، ئەمەیش وایكردووە پەیوەندی ئێران بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی جگە لە پەیوەندییەكی مێژوویی هیچی تر نەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق