یەكگرتوو لە نێوان بەرداشی ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكوومەتدایە

:: AM:11:09:22/10/2018 ‌
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلوولی هەرێمی كوردستان ئێستە حزبەكان خۆیان ئامادە دەكەن كە بەشداری حكوومەت بكەن یان ببن بە ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەو مەبەستەش یەكگرتووی ئیسلامی كۆ بوونەوە دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، بەهزاد دەروێش سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی یەكگرتوو سەرەتا پێشنیازی بەرپرسی مەڵبەندەكان و كارگێڕی مەڵبەندەكان وەردەگیرێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو گوتی، دواتر كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەكرێت و لایەنە باش و خراپەكانی بەشداری و بەشداری نەكردن لە حكوومەت دەخرێتە بەر باس، ئینجا بڕیار دەدرێت دەچینە حكوومەت یان لە پەرلەمان دەبین بەئۆپۆزسیۆن.

لەبارەی ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی بۆ ئەو مەبەستە كۆ بوونەوەی هەیە ناوبراو گوتی" تا ئێستە دیار نییە كۆ بوونەوە دەكرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوە ئەو بڕیارە دەدرێت".

یەكگرتووی ئیسلامی كەوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013 دا 10 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی كەم بۆتەوە و خاوەنی پێنج كورسی پەرلەمانە.



وشە - رامیار جەواد