كارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت

:: PM:12:05:22/10/2018 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد پێدانی كارەبای نیشتمانی بەشێوەیەكی زۆر زیاد دەبێت و بڕێكی زۆر غاز دابین كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی تشرینی یەكەم، حەمەدەمین هەورامی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە پێدانی كارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە و كارەكانی دابین كردنی غاز كۆتایی هات.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتی، ئێستە بڕی غاز دابین كراوە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی بە جۆرێك تاوەكو ئێستە بەهیچ شێوەیەك ئەو بڕە زۆرە دابین نەكراوە لە ڕابردوو.

ئاشكرای كرد، پێدانی كارەبا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی بەكارهێنان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆیە پێشبینی دەكرێت لەو مانگە پێدانی كارەبای نیشتمانی ببێت بە 20 سەعاتی ڕۆژانە و ئەگەر هاووڵاتیان زیادە بەكارهێنان نەكەن لە كارەبای نیشتمانی.

هاوكات ئومێد محەمەد بەرێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵ و گەیاندنی كارەبای هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتەكەمان خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات تا بزانێت بۆ وەرزی زستان چەندەی بودجە پێویستە بۆ سیانە كردنەوەی محەویلەو وێستگەكان.

بەڕێوەبەری گشتی كۆنتڕۆڵی كارەبا گوتی، ئێستە پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان ئاسایی بووەتەوە و شەو و رۆژ 18 بۆ 20 سەعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئاشكرای كرد ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئێستە دوو هەزار و 700 بۆ سێ هەزار مێگاواتە، لە هەفتەی داهاتووشەوە 250 تا 300 مێگاواتی تر دێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی هەرێمەوە و ئەوەش وادەكات دۆخی كارەبا زۆر باشتر ببێت.

هەفتەی ڕابردوو و بەدیاری كراوی لە ڕۆژی هەینی بۆ ماوەی 72 سەعات پێدانی كەرەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان كەم بوویەوە ئەوەیش بەهۆی چاكردن و زیاد كردنی بۆڕی غاز لە وێستگەكانی بەهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان.

سلێمانی ـ هەستیار



وشە - رامیار جەواد