قوتابیان لە جیاوازی نمرەی بارسووکی ناڕازین

:: PM:12:35:15/11/2018 ‌
سەدان قوتابی داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەن رێنوێنییەكانی بۆ زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان رێك بخات، داواش دەكەن یان وەك قوتابییانی زانكۆ تایبەتەكان 10 نمرەی بارسووكییان پێ بدرێت، یان هی ئەوانیش هەڵوەشێنرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتیش دەڵێ رێنوێنیی وەزارەت بۆ هەموو زانكۆكان وەك یەكە، ئەو پرسەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی زانكۆ و كۆلێژ و پەیمانگەكاندایە نەك وەزارەت.

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" دوای تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی زانكۆكانی كوردستان بە زانكۆ حكوومی و ئەهلییەكان، زانكۆ حكوومییەكان تەنیا پێنج نمرە بارسووكی قوتابییانیان كردووە، كەچی زانكۆ تایبەتەكان تا 10 نمرە بارسووكی قوتابییانیان كردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی سەدان قوتابی هەر 10 زانكۆ حكوومییەكەی هەرێمی كوردستانی لێ كەوتووەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەزامەندی نیشان داوە بە پێدانی پێنج بۆ 10 نمرە بە ناوی بارسووكی قوتابییان، بەڵام زۆرینەی زانكۆ حكوومییەكان جێبەجێیان نەكردووە، لە بەرانبەریشدا هەموو زانكۆ ئەهلییەكان سوودیان لە بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگرتووە، قوتابی هەبووە 10 نمرەی وەرگرتووە و بەهۆیەوە قۆناغێكی خوێندنی بڕیوە.

بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژە بە رەزامەندی وەزیری خوێندنی باڵا دراوە بە پشتبەستن بە نووسراوی وەزارەت بە ژمارە "15053" لە 29ی ئابی 2017، لە روانگەی رێنوێنییەكانی تاقیكردنەوەكان و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە بە ئەنجوومەنی زانكۆ و كۆلیژ و پەیمانگەكان دراوە، رەزامەندی دراوە هاوشێوەی ساڵی خوێندنی رابردوو مامەڵە لەگەڵ پێدانی نمرەی بارسووكی بە قوتابییان بدرێت.

نووسراوەكە كە ژمارە "13997"ی لەسەرە و لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو دەرچووە بە ناونیشانی روونكردنەوە، تێیدا باس لە رێكخستنی رێكارەكان كراوە لە نێوان زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان لەسەر داوای ژمارەیەك لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018.

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە نووسراوەكەی ئەمساڵیدا، مێژووی نووسراوی ساڵی رابردووی بە هەڵە نووسیوە، نووسراوەكەی ساڵی 2017 كە كۆپی لای "وشە" هەیە، بە ژمارە "15053"ی 29ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 2017یە، نەك مانگی ئاب/ئۆگستس كە لە نووسراوەكەی ئەمساڵ ئاماژەی پێ دراوە.

نووسراوەكەی ساڵی رابردوو بە ناونیشانی "روونكردنەوە"، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ لەلایەن هەندێك لە زانكۆكان و رێكخراوەكانی قوتابییان و خوێندكاران پرسیار لە وەزارەت كراوە، یان سەردانی وەزارەت كراوە لەبارەی پێدانی نمرەی بڕیاری ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، بەپێی رێنوێنیی وەزیری خوێندنی باڵا ئەو بابەتانەی لە روانگەی رێنوێنییەكانی تاقیكردنەوەكان و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە بە ئەنجوومەنی زانكۆ و كۆلێژ و پەیمانگەكان دراوە، مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

بڕوا عەبدوڵا قوتابی بەشی بیركاری كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی، یەكێكە لە قوتابییە ناڕازییەكان و داوا دەكات بە هەمانشێوەی زانكۆ تایبەتەكان زیاد لە پێنج نمرە بە قوتابییانی زانكۆ حكوومییەكانیش بدرێت.

ئەو دەڵێ تەنانەت هەردوو كۆلێژی یاسا و ئەندازیاری لە زانكۆی سلێمانی حەوت بۆ 10 نمرەیان داوە بە قوتابییان بەناو بارسووكی، بەڵام كۆلێژی زانست تەنیا پێنج نمرەی داوە.

ئەو حاڵەتە لە زۆرینەی زانكۆ حكوومییەكان بوونی هەیە، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە زانكۆی زاخۆ و دهۆك و هەڵەبجە و راپەڕین و هەولێر و سۆران و كۆیە و گەرمیانیش، سەدان قوتابی هەمان كێشەیان هەیە و پێیان وایە بە وەرگرتنی 10 نمرە هاوشێوەی زانكۆ تایبەتەكان دەتوانن بپەڕنەوە بۆ قۆناغێكی تر.

گۆهدار یوسف قوتابیی كۆلێژی ئەندازیاری كشتوكاڵ لە زانكۆی زاخۆ دەڵێ، ئەگەر وەك قوتابییانی زانكۆ تایبەتەكان 10 نمرەی پێ بدرایە، ئەوا دەیتوانی لە قۆناغی دووەم ببێت بە قوتابیی قۆناغی سێیەم.

ئەو داوا دەكات با وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار لەسەر زانكۆ حكوومییەكان بدات هاوشێوەی زانكۆ تایبەتەكان 10 نمرە بدەن بە قوتابییانیان.

خوێندكار و قوتابییانی ناڕازی كە بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێك بخەن، لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، دووپات لە وەرگرتنی ئەو 10 نمرەیە دەكەنەوە.

لە بەیاننامەكەیاندا كە بەناوی "سكاڵا و داواكاری"یە، پاش دەستنیشانكردنی كۆمەڵێك هۆكار، باس لەوە دەكات كە داوایان لە ئەنجوومەنی زانكۆ و كۆلێژ و پەیمانگەكانیان كردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەت، بەڵام ئەوان ئامادە نین بڕیارەكە جێبەجێ بكەن و داوا دەكەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری تایبەتیان بۆ دەربكات، ئەمەش لە كاتێكدایە لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی حەوت نمرە بە قوتابییان دراوە، لە زانكۆی نەورۆزی تایبەت نۆ نمرە بە قوتابییان دراوە.

قوتابییانی ناڕازی داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەن رێنوێنییەكانی یەك بخات، یان هی زانكۆ تایبەت و ئەهلییەكان و كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی هەڵوەشێتەوە كە نۆ نمرەیان داوە بە قوتابییانیان، یانیش كۆلێژەكانی تری زانكۆ حكوومییەكانیش بە هەمانشێوە نۆ نمرە بدەن بە قوتابییانیان.

لە بەرانبەر ناڕەزایەتی قوتابییان، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەتی دەكاتەوە وەزارەتەكەی بڕیارەكەی تەنیا بۆ زانكۆ ئەهلییەكان دەركردبێت، ئەو دەڵێ بڕیارەكە بۆ هەموو زانكۆكان بێ جیاوازی گشتێنراوە، نەك تەنیا زانكۆ ئەهلییەكان.

زیاتر گوتی "سەرۆكایەتی زانكۆ، یان راگری كۆلیژ و پەیمانگەكان، تەنانەت بەرپرسی بەشەكانیش ئەو دەسەڵاتەیان هەیە نمرەی بارسووكی بدەن بە قوتابییان".









وشە - فه‌رمان سادق