حكوومەتی عێراق كەی یەكلا دەبێتەوە؟

:: PM:05:27:15/11/2018 ‌

رۆژنامەكانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیازی هەیە تەواوكەری كابینە حكوومەتەكەی لە هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان بخاتە روو، لەو كاتەی تا ئێستەیش گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان بەردەوامە بۆ رێككەوتن لەسەر سێ وەزارەت لە كۆی هەشت وەزارەتی بەتاڵ، ئەوانیش بەرگری و ناوخۆ و دادن.  

لە دوای ئەوەی لە 24ی مانگی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆگرامی حكوومەت و 14 وەزیری كابینەی عادل عەبدولمەهدی درا، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە دەنگ لەسەر كاندیدانی تری كابینەكە بدرێت كە هەشت وەزارەتن و پێنجیان یەكلا بوونەتەوە، ئەوانیش خوێندنی باڵا و پەروەردە و پلاندانان و كۆچ و كۆچبەران و رۆشنبیرین، لەگەڵ مانەوەی هەریەك لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و داد، بەهۆی بوونی كێشە لە نێوان سوننە و شیعە و كورد خۆیان، لەو كاتەی عەبدولمەهدی سوورە كە هەموو وەزارەتەكانی ماون بە یەكجار بخرێنە روو بۆ دەنگدان. 

قوسەی موحسین محەمەد، پەرلەمانتاری سائیروون داوای لە عادل عەبدولمەهدی كرد كە هەموو كاندیدانی ماون بە یەكجار بیانخاتە روو نەوەك بە چەندجارێك، ئەو دووپاتی كردەوە كە بەپێی زانیارییە دزە پێكراوەكان وەزارەتی داد بە كورد دەدرێت و كاندیدی وەزارەتی رۆشنبیریش گۆڕاوە، لەو كاتەی هەڵوێستی هاوپەیمانی سائیروون لە بەرانبەر فالح فەیاز نەگۆڕاوە و رەتی دەكاتەوە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، هەرچی كاندیدبوونی سەلیم جبوورییە بۆ وەزارەتی بەرگریش تەنیا دەنگۆیە و لە راستی دوورە.

لای خۆیەوە عەلی عەبوودی پەرلەمانتار لە رەوتی حیكمەی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم روونی كردەوە، رێككەوتن لەسەر هەموو وەزارەتەكانی لە كابینەكەی حكوومەتی نوێ ماونەتەوە كراوە تەنیا وەزارەتی ناوخۆ نەبێت.  

ئێستە عادل عەبدولمەهدی بە حكوومەتێكی ناتەواو فەرمانڕەوایی عێراق دەكات، بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی بوونەتە هۆی تەواو نەبوونی حكوومەتەكەی، كە ئێستە حكوومەتەكەی لە 14 وەزیری لە كۆی 22 وەزارەت پێك دێت، ماڵپەڕی "حەفریات" لەو بارەوە دەڵێت كە هۆكاری ناوچەیی دەستی خستووەتە ناو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق.

بەپێی زانیارییەكان تەوەری ئێران، فالح فەیازی وەك كاندیدی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەسەر هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێران، سەپاندووە، كاتیبَك ئێرانییەكان بەو شێوەیە كار بۆ پاداشتكردنی فەیاز دەكەن كە توانی ریزەكانی هاوپەیمانی نەسڕ بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی شەق بكات، ئەوەیش دوای جیابوونەوەی بە شەشە كورسی پەرلەمانییەوە لە نەسڕ و چوونەپاڵی هاوپەیمانی فەتح بۆ یەكلاكردنەوەی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان.  

ڤیتۆی سەدر و بژارەی ئێران
تا ئێستە هاوپەیمانی سائیروونی پاڵپشتیكراو لەلایەن موقتەدا سەدر هیچ نەرمییەكی لە بەرانبەر دانانی فالح فەیاز وەك وەزیری ناوخۆی عێراق نەنواندووە، قوسەی یاسری پەرلەمانتاری ئەو هاوپەیمانیەتییە دەڵێت، تا ئێستە ناكۆكی نێوان فەتح و سائیروون لەسەر كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە، لەو كاتەی سائیروون داوای كاندیدی سەربەخۆ و شارەزا بۆ پۆستە تەناهییەكان دەكات، پاڵەپەستۆی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە بۆ دیاریكردنی كەسانی دیاریكراو. 

لە بەرانبەردا ئەشواق كەریم، پەرلەمانتاری فەتح دەڵێت، ناڕەزایەتییەكان لە بەرانبەر كاندیدبوونی فەیاز سیاسین، چونكە فەیاز خاوەن شارەزاییەكی باشی تەناهییە و پێشتر سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی بووە، بۆیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە شوێنگرەوەی نییە.

سوننە و وەزارەتی بەرگری
ململانێكانی نێوان هێزە سوننەكان لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگری كەمتر نییە لەوەی شیعە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، چونكە لەو ساتەی عەبدولمەهدی داوای لە سوننە كردووە كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری دیاری بكەن، ململانێ لە نێوان میحوەری نیشتیمانی و لەگەڵ هاوپەیمانی وەتەنییە لەو بارەوە بەردەوامە، لەنێو كاندیدانیش سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی پێشوو هەیە كە نیشانەی پرسیاری لەسەرە.

عەبدورەحمان لویزی، پەرلەمانتاری پێشووی سوننە لەو بارەوە دەڵێت، كاندیدكردنی جبووری بەهۆی بەردەوامی هاوپەیمانی ئیسلامی سیاسییە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەوەی دەیانەوێت ئیخوانی موسلمین لە سەرووی گۆڕەپانی سیاسی ناو سوننە بێت لە عێراق.

زیاتر گوتی، جبووری سەر بە حزبی ئیسلامییە (ئیخوان موسلمین)، بەڵام لە هەڵبژاردن سەر نەكەوت، بۆیە كاندیدكردنەوەی جبووری دوای سەردانی دوایی وەزیری دەرەوەی قەتەڕ بۆ بەغدا هات.

لە 9ی مانگی ر ابردوو عەبدولمەهدی پێش راگەیاندنی كابینەی حكوومەتەكەی لە رێگەی ناونیشانێكی ئەلیكترۆنی، سیڤی خەڵكانێكی زۆری وەرگرت لە شارەزا و كەسانی تەكنۆكرات بۆ ئەوەی پۆستیان پێ بدرێت لەو كابینەی بە تەكنۆكرات دەناسرێت، بەڵام دواتر دەركەوت كە كابینەكە لەسەر هەمان بنەمای بەشبەشێنەی سیاسییەوە دامەزراوە. یەكێك لەوانەی لەو رێگەوە پێشكەیشی كردبوو دەڵێت، بەر لە چەند رۆژێك لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەت نامەیەكم لە نووسینگەی عەبدولمەهدییەوە پێ گەیشت، دووپاتی وەرگیرانم كرابووەوە، بەڵام دواتر هیچ رووی نەدا، بۆیە ئەو كارە تەنیا نمایشێك بوو.

چاودێران پێیان وایە كە چەند هەفتەی داهاتوو لە تەمەنی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی یەكلاكەرەوە دەبێت و چارەنووسی لە بەردەوامی لە پۆستەكەی یان دەست لەكاركێشانەوە دیاری دەكەن، لەو كاتەی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای دەكەن كە بەكردەنی كەسانێك خەریكە بیر لە قۆناغی دوای عەبدولمەهدی دەكەنەوە كە رەنگە زووتر لەوەی پێشبینی دەكرێت، دەست پێ بكات كە پێشتر چەند لایەنێكی سیاسی پێشبینی بەردەوامی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدیان بۆ دوو ساڵ كرد، بەهۆی ئامادەیی عەبدولمەهدی بۆ پاشەكشەكردن لەكاتی دروستبوونی ململانێی سیاسی كە هەفتەی داهاتوو دیار دەكەوێت گەرمتر دەبێت یان هێور دەبێتەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل