سووریا.. ئەمەریكا حیساباتی خۆی لە رۆژهەڵاتی فورات چۆن بەڕێوە دەبات؟


لەو كاتەی وەزارەتی بەرگری توركیا هەوڵی قەناعەتكردن بە ئەمەریكا دەدات بە وەستاندنی پاڵپشتییەكانی بۆ كورد لە سووریا، سەرانی كورد لە سووریا دووپاتی دەكەنەوە كە دۆزەكەیان لە ناو گرنگیپێدانی ئەمەریكا و رووسیا و یەكێتی ئەوروپایە و ئەو لایەنە كاریگەرانەیش لە دۆسیەی سووریا بەراشكاوی دەڵێن كە چارەسەرێك بۆ تەنگژەی سووریا بێ چارەسەركردنی دۆزی كورد نابێت.

ئاڵۆزیی حیسابات و بۆچوونی واشنتن لەو بارەوە لە وتەكانی دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوایی بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" دیار دەكەون كە دەڵێت، دوو كارتی پاڵەپەستۆمان لە سووریا هەیە، یەكەمیان بوونمانە لەسەر زەوی بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هێزە كوردییەكان و دووەم دیمەشق و مۆسكۆ پێویستیان بە پارەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی سووریا. بۆیە واشنتن بەنیازە ئەو دوو كارتە بۆ پاڵەپەستۆكردن لەسەر رژێمی سووریا و رووسیا و ئێران بەكار بێنێت، هاوكات بەمدواییە بەڕێوەبردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و كورد باشتر بووە كە رووسیا پاڵپشتی لە بەشداریكردنیان لە گفتوگۆكان لەبارەی دانانی دەستووری سووریا و ئامادەسازی بۆ پرۆسەیەكی گوێزەرەوەی سیاسی بە چاودێرییەكی نێودەوڵەتی دەكات.

لەو ناوەدا مەولوود چاوەیشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل هەڵەیەكی گەورەیە، ئەو لە واشنتن روونی كردەوە كە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەنكەرە واشنتن بۆ پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ یەپەگە و دۆسیەی فەتحوڵا گوڵەن دەگەڕێتەوە.

لای خۆیەوە خەڵووسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رای گەیاند كە بە جۆزێف دانفۆردی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكای راگەیاندووە كە وڵاتەكەی پێشبینی دەكات ئەمەریكا بە زووترین كات پاڵپشتییەكانی بۆ یەپەگە رابگرێت، وەك "رۆیتەرز" گواستییەوە، پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتن مانگی رابردوو بەهۆی ئازادكردنی ئاندرۆ برانسۆن قەشە ئەمەریكاییەكە تا رادەیەك هێور بووەتەوە و هێزی سەربازی گەڕۆكی هاوبەشی ئەمەریكا و توركیا لە منبەج دەسووڕێنەوە لە چوارچێوەی نەخشەرێگایەك هەردوو وڵات لە حوزەیرانی رابردوو لەسەری رێككەوتن.    

دوای ئەوەی مانگی رابردوو ئەمەریكا و توركیا سزاكانی دژ بە دوو وەزیری هەردوولایان لابرد، ئەم مانگە واشنتن بڕێك پارەی بۆ هەر كەسێك دیاری كرد كە زانیاری لەبارەی سێ سەركردەی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان دیاری بكات، لە هەنگاوێك توركیا پێشوازی لێ كرد، بەڵام گوتی دواكەوتووە و بەس نییە. 

لای خۆیەوە فوئاد عەلیكۆ، سەركردە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا دووپاتی دەكاتەوە كە دۆزی كورد لەلایەن ئەمەریكا و رووسیا و یەكێتی ئەوروپا گرنگی پێ دەدرێت و ئەوان بە راشكاوی دووپات لەوە دەكەنەوە كە چارەسەری تەنگژەی سووریا بێ چارەسەری دۆزی كورد لەو وڵاتە ناكرێت، ئاماژەی كرد كە ئەمەریكا دەیەوێت دەسەڵاتی رژێمی سووریا تەنیا لە رووی ئیدارییەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات بگەڕێتەوە نەوەك سەربازی، بۆیە ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە دەستووری نوێی سووریا داوای دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراسی و عەلمانی لە سووریا دەكات.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا هەوڵ دەدات كەس لە هاوپەیمانەكانی لەدەست نەدات، ئەو لەلایەك پاڵپشتی لە پەیەدە و هێزە سەربازییەكانی لەدژی داعش لە دێرزوور و رەقە دەكات، لەلایەكی تر توركیا بە هاوپەیمانێكی مێژوویی خۆی و ئەندامێكی هاوپەیمانی ناتۆ دەزانێت كە پێوەندی ئابووری و سیاسی باشیان هەیە و نایەوێت دەسبەرداری ببێت، بۆیە ئێستە سیاسەتی رازیكردنی هەردوولا پێڕەو دەكات. 

ئەو بەرپرسە كوردە ئاماژە دەكات كە هاوكات توركیا سوورە لەسەر ئەوەی پەیەدە باڵێكی پەكەكەیە و بەپێی پۆلێنی ئەمەریكا و ئەوروپایش ئەو پارتە رێكخراوێكی تیرۆریستییە، لەو كاتەی ئەمەریكا بە پەیەدە بە پارتێكی بەرهەڵستكاری سورویا دادەنێت، بۆیە ئەمەریكا هەوڵی قەناعەتكردن بە توركیا دەدات بەوەی ئەوان پەیەدە لە پەكەكە جیا دەكەنەوە و توركی و ئێرانییەكانی پەیەدە دوور دەخەنەوە و تەنیا سوورییەكان دەمێننەوە و دەخرێنە ناو لیژنەی دەستووری نوێی سووریا.   

عەلیكۆ دەڵێت، سێ خاڵی سەرەكی هەن بۆ مامەڵەكردنی ئەمەریكا لەگەڵ دۆسیەی سووریا ئەوانیش بریتین لە، یەكەم كاركردن بۆ نەگەڕانەوەی داعش بۆ ئەو وڵاتە و دووەم پاشەكشەی ئێران لە سووریا و ئەوەیش كارێكی ئاسان نییە، سێیەم ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی سووریا ناكات و بەشداری ئاوەدانكردنەوەی ناكات تا دوای دەست پێكردنی چارەسەری سیاسی و ئەویەش مانای ئەوەیە ئەمەریكا ماوەیەكی درێژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە.

ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا بەهیچ شێوەیەك قبووڵی گەڕانەوەی سەربازی رژێمی سووریا بۆ رۆژهەڵاتی فورات ناكات، بەڵام لە رووی ئیدارییەوە دەیكات، چونكە لە سووریا ئێستە چوار ئیدارە هەن، یەپەدە و رژێمی سووریا و نەسڕە و هاوپەیمانی، واتە دەوڵەتێك بە چوار ئیدارە كە هەریەكەیان خاوەن پرۆگرامی خوێندنی جیاوازە، بۆیە ئەمەریكا بیر لەوە دەكاتەوە یەك ئیدارە هەبێت، با ئیدارەی رژێم بێت، بەڵام گەڕانەوەی سەربازیانەی نا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:11:08:20/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 245 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌