ریال مەدرید لەسەر رابیۆ ركابەری بەرشەلۆنە دەكات

:: AM:11:39:21/11/2018 ‌

ئەدریان رابیۆ تا ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی سەبارەت بە درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی رێك نەكەوتووە، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیش تاكە یانە نییە كە بەڕژدی چاودێری دەكات و هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دەدات.

رۆژنامەی (كۆریری دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: یانەكانی یۆڤێنتۆس و ئینتەر میلانی ئیتاڵیش لە هەوڵی رازیكردنی رابیۆن لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد: یانەی شاهانە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو رابیۆ رازی بكات روو لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بكات و بەمەش رێگە لە یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری بگرێت.

رابیۆ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی دێت و ئەگەریش نوێی نەكاتەوە ئەوا دەتوانێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر لەگەڵ یانەی تر رێك بكەوێ.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردووش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ رابیۆ دابوو، بەڵام یانەی پاریس سان جێرمان رەتی كردبووەوە دەستبەرداری بێت.

پێشبینیش دەكرێ هەردوو یانە ركابەرەكەی ئیسپانیا بەرشەلۆنە و ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا ركابەرییەكی سەرسەختی یەكتر بكەن بۆ رازیكردنی رابیۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م