نێچیرڤان بارزانی و باڵوێزی كەنەدا لە عێراق كۆبوونەوە

:: PM:03:00:21/11/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵوێزی كەنەدا لە عێراق كۆ دەبێتەوە و پرسی دواین پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق خرایە گفتوگۆ.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی دووەم، سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پۆل گیبارد باڵوێزی كەنەدا لە عێراق و نانسی بێرگیرۆن سەرۆكی نووسینگەی كەنەدا لە هەولێر و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا گیبارد خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر دەربڕی، پوختەیەكی لەبارەی بەرنامە و چالاكی و هاوكارییەكانیان بۆ ‌ عێراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها دووپاتی كردەوە كە  كەنەدا بە بایەخەوە سەیری یەكسانیی جەندەری، بەشداریی كارای ژن لە جومگەكانی بڕیار و پرسی حوكمڕانی و لامەركەزیی دەكات.

هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی لەبارەی ڕەوشی ئەمڕۆ و قۆناغی نوێی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە نێوان هەولێر و بەغدا خستە ڕوو و تیشكی خستە سەر قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و ڕۆڵی كەنەدای لەمبارەیەوە بەرز نرخاند.

تاوتوێكردنی دۆخی ئاوارە و پەنابەران، پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوە ئەرێنییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوش و ڕۆڵی ژنان، پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا و بەرەوپێشبردنیان و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد