رۆژهەڵاتی فورات.. ئەمەریكا هەرێمێكی تر بۆ كورد دادەمەزرێنێت؟

:: PM:06:14:08/12/2018 ‌


بەهۆی نادیاریی نیاز و هەنگاوەكانی ئەمەریكا لە سووریا، رەنگە بەشێك لەو هەنگاوانەی دەیاننێت وا خوێندنەوەیان بۆ بكرێت كە هەوڵی جیاكردنەوەی باكوری سووریا و دامەزراندنی هەرێمێكە بۆ كوردی ئەو وڵاتە بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی عێراق، لەو بارەوە بەمدواییە سەرۆكی دەستەی ئەركانی رووسیا ئەمەریكای بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سەربەخۆی كوردی لە باكوری سووریا تۆمەتبار كرد.

جەنەراڵ ڤالێری گیراسیمۆڤ گوتی، دۆخی رۆژهەڵاتی فورات زیاتر تەنگژاوی دەبێت و ئەمەریكا دەیەوێت گرەو لەسەر كورد بكات بە دامەزارندنی قەوارەیەكی هاوشێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە دیمەشق لە باكوری ئەو وڵاتە، كاتێك ئەوان حكوومەتێك بێكبێنن بە ناوی "فیدرالیەتی باكوری سووریای دیموكراسی". دووپاتی كردەوە، هاوكات ئەمەریكاییەكان لە رێگەوی پاڵپشتیكردنی سەربازی ئەو خواستە سەربەخۆخوازانەی كورد، رێگە دەدەن بە بێزاركردنی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەكە. 

لای خۆیەوە فوئاد عەلیكۆ، سەركردەیەكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا ئاماژە دەكات كە دۆزی كورد لەلایەن ئەمەریكا و رووسیا و یەكێتی ئەوروپا گرنگی پێ دەدرێت و ئەوان بە راشكاوی دووپات لەوە دەكەنەوە كە چارەسەری تەنگژەی سووریا بێ چارەسەری دۆزی كورد لەو وڵاتە ناكرێت، بۆیە ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە دەستووری نوێی سووریا داوای دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراسی و عەلمانی لە سووریا دەكات. 

زیاتر گوتی، ئەمەریكا لە نێوان كورد و توركیا هەوڵ دەدات كەس لە هاوپەیمانەكانی لەدەست نەدات، ئەو لەلایەك پاڵپشتی لە پەیەدە و هێزە سەربازییەكانی لەدژی داعش لە دێرزوور و رەقە دەكات، لەلایەكی تر توركیا بە هاوپەیمانێكی مێژوویی خۆی و ئەندامێكی هاوپەیمانی ناتۆ دەزانێت و نایەوێت دەستبەرداری ببێت، بۆیە ئێستە سیاسەتی رازیكردنی هەردوولا پێڕەو دەكات.

گراسیمۆڤ زیاتر دەڵێت، چەكدارانی داعش تەنیا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات هەن لەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی ئەمەریكادان و ئۆپراسیۆنەكانی نەهێشتنی باندە تیرۆریستییەكان لە سووریا كۆتایی هاتووە، دووپاتی كردەوە كە لە رۆژهەڵاتی فورات شانە نوستووەكانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە، بۆیە ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی سووریای دیموكرات توانای كۆنترۆڵكردنی پاشماوەی چەكدارانی داعشیان لە شارەدێی هەجین نییە. لەو كاتەی رووسیا داوای لە هێزەكانی ئەمەریكا كردووە بە لابردنی بنكەی سەربازی تەنەف و سەپاندنی كۆنترۆڵی هاوبەشیان لەوێ، بەڵام ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە. 

سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی سووریا دووپاتی كردەوە كە ئەوجارە ئاراستەی پێشڕەویكردنی بەرەو رۆژهەڵاتی فوراتە لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئیدلب، بەڵام ئەمەریكا هاوپەیمانیەتییەكەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ هەسەدە نوێ كردەوە، ئەوەیش لەلایەن رۆژنامەی "وتەن"ی سووریایی بڵاو كرایەوە كە لە دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی نێوان فەرماندەكانی هەردوو ئەنجام دراوە و لەسەر ئەو بنەمایەیش لەسەر پلانی كاری هاوبەش و دابینكردنی پاڵپشتی و تفاقی سەربازی بۆ هەسەدە رێككەوتوون و رێككەوتننەكەیش هەر دوو ساڵێك نوێ بكرێتەوە.

ئەندرێ ئۆنتیكۆڤ، شرۆڤەكاری سیاسی رووسی لەبارەی ئامانجەكانی ئەمەریكا و هەوڵی دامەزراندنی قەوارەیەكی سەربەخۆی كوردی لە سووریا دەڵێت، ئەمەریكا نایەوێت ئەو كارە بكات، بەڵكو دەیەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی دامەزرێنێت لە سەر خاكی هەریەك سووریا و عێراق و ئێران و توركیا، ئەوەیش یەكێكە لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی سیاسەتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام بەهۆی بوونی چەندان بەڵگە ئەو شتە لەسەر خاكی سووریا دەبینین.   

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە، وەك زانراوە قەوارەی فیدراڵی كوردی لە سووریا لە 2016 دامەزراوە و دوای ئەوە چەند هەنگاوێك لەلایەن كوردەوە نران، یەكەمیان چەند هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی و هەوڵی هەڵبژاردنی فیدراڵیش هەبوو، بەڵام بەهۆی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا، ئەنجام نەدرا، جیا لە گردبوونەوەی سەربازی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی فورات كە چەندان بنكەی سەربازی ئەمەریكای لێیە.  

لای خۆیەوە جیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا نیازی وڵاتەكەی راگەیاندبوو بۆ زیادكردنی ژمارەی دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا لەو ناوچانە، بۆیە چەند هەنگاوێكی دیاریكراو هەن بۆ داننان بەو قەوارەیە تەنانەت بە شێوەیەكی نافەرمی لە دەرەوەی سووریا و ئەوەیش زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی لە سایەی بوونی پاڵپشتییەكی سیاسی و و سەربازی و مانەوییەوە و مەترسیش لە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی سووریا هەیە لە ئەنجامی ئەو هەنگاوانەی ئەمەریكا.

جیمس جیفری، نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووری بەمدواییە لە كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی "گرووپی بچووككراوە"، كە نوێنەرانی ئەڵمانیا و فڕەنسا و بەریتانیا و سعوودیە و ئوردن و میسڕ لەخۆ دەگرێت، ئاماژەی بۆ ئەگەری جێبەجێكردنی نموونەی هەرێمی كوردستان لە باكووری سووریا لەلایەن وڵاتەكەی كرد.

لای خۆیەوە محەمەد خەلیفە، شرۆڤەكاری سیاسی سووریا دەڵێت، ئەوەی بەمدواییە باكوری سووریا بەخۆیەوەی دەبینێت بە پاڵپشتیكردنی سەربازی ئەمەریكا بۆ پەیەدە، دووپاتی دەكاتەوە كە پاڵپشتییەكەی تەنیا سەربازی نییە و ئاماژەیە بۆ زیاتر لەوە كاتێك رژێمی سووریا كونسوڵخانە لە حەسەكە دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، بۆیە وای دەبینم كە لە ماوەی داهاتوودا ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات پەرەسەندنی سیاسی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەیش لەسایەی سەرپەرشتیكردنی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە، بۆیە هەڵوێستی توركیا زەحمەت دەبێت ئەگەر ئەمەریكا قەوارەیەكی كوردی بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە سووریا بنیات بنێت.



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل