زیاتر له 25 ڕۆژه له سنووری شارۆكه‌ی ئامێدی به‌فربارین به‌رده‌وامه، له لایه‌كی تره‌وه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردمانی ناوچه كوردییه‌كانیان كردووه و به‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات دروست بووه.
به‌هجه‌ت باڵاڤای شوانێكی ئاژه‌ڵه له گوندی باڵاڤای سه‌ر به شاره‌دیێ دێره‌لووك به "وشه"ی گوت: ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵه خه‌ریكی به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵاتم و له وه‌رزی زستان زۆر كێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ جیاوازه.
گوتی: له لایه‌ك به‌فر و له لایه‌كی تر فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، كه به پاساوی بوونی بنكه و باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات دروست كردووه، به‌شێك له خاوه‌نی مه‌ڕ و ماڵاته‌كان نه‌چارن ئاژه‌ڵه‌كانیان بفرۆشن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه ژیانمان به به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات به‌نده، ههرچونێك بێت ده‌بێ ئاڵهف و خۆراكی مه‌ڕ و ماڵات په‌یدا بكه‌ین، له وه‌رزی زستاندا مه‌ڕ و ماڵات شیری كه‌مه و زیاتر بۆ كاریله بچووكه‌كان ده‌بێته خواردن، به‌ڵام به‌شێك له شیره‌كه‌یان ده‌فرۆشین، بێجگه له شیر هاوكات كاریله گه‌وره‌كانیش ده‌فرۆشین.
سالار نهێڵی، ئه‌ویش شوانكارێكی ناوچه‌كه‌یه و به "وشه"ی راگه‌یاند، ته‌نگژه‌یی دارایی بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ست به به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات بكه‌ن.
له وه‌رزی زستاندا به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات زۆر ئه‌سته‌مه چونكه خواردن بۆ مه‌ڕ و ماڵات نامێنێ، له‌به‌ر ئه‌وه زستانی ئامێدی و ناوچه‌كه‌ش سه‌خته، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می مه‌ڕ و ماڵات ده‌كات.
له ده‌ڤه‌ری ئامێدی زۆرترین به‌فر له كانی ماسی و چه‌مانكێ و ده‌وروبه‌ری ئامێدی ده‌بارێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وامی فه‌رمانگه، پرۆسه‌ی خوێندن، هاتوچۆ و كاری ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان ده‌كات.
ئامێدی/ نه‌وزاد هلۆری