لێڤەرپوول یاریزانێكی پێشكەشی ریال کردووە

:: AM:11:32:13/01/2019 ‌

یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی یاریزانێكی تیپەكەی پێشكەشی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كردبوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا.

ئەو یاریزانەش ئەلبێرتۆ مۆرینۆی بەرگریكاری چەپی ئیسپانییە كە لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا پشتگوێ خراوە.

رۆژنامەی (دیڤینسا سەنتڕال)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی لێڤەرپوول لە رێگەی نوێنەرەكانییەوە مۆرینۆی خستبووە بەردەمی بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید.

راستەوخۆ بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدیش وەڵامیان دابوونەوە و وەڵامەكەشیان برێتی بوو لە "گرینگیمان بۆی نییە".

سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بیرۆكەی یانەی لێڤەرپوولی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مۆرینۆ رەت كردبووەوە بەهۆی بوونی مارسێلۆ و ریگویلۆن لە هێڵی بەرگری چەپی تیپەكەیاندا.

مۆرینۆی تەمەن 26 ساڵ لەم وەرزەدا تەنیا لە 2 یاریی یانەی لێڤەرپوول لە خولی نایابی ئینگلیزی یاریی پێ كراوە و یورگن كلۆپی راهێنەری یانەكەش جەختی كردۆتەوە كە چیتر پێویستی بە تواناكانی ئەم بەرگریكارە نەماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م