پارتی و یەكێتی لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن

:: AM:09:37:16/01/2019 ‌

لە دواین كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێككەوتن لەسەر چەند خاڵێك كراوە و پەرلەمانتارێكی پارتیش زانیاری نوێ دەخاتەڕوو. 

رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، لەدواین كۆبوونەوەی نێوان ئێمه ‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوو پرسی جیاواز گفتوگۆی لەسەر كراوە، یەكێكیان پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم و ئەوەی تریش كەركووك و پۆستەكانی كوردە لە بەغدا. 

بابكەیی گوتی، "ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە لیژنەیەك پێك بهێنرێت بۆ بەدواداچوون لەسەر بابەتی كەركووك و ئەو پۆستانەی بەر كورد دەكەون لە حكوومەتی عێراقدا، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ بكرێت لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم". 

پەرلەمانتارەكەی پارتی روونی كردەوە: "خاڵی جەوهەری كە هەردوولا هاوبەش بوون لەسەری، ئەوەیە كە پێویستە حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی لە كابینەی نوێ بە ئەركی دانوستان هەڵسێت لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لەبارەی دۆسیەی كەركووك و پرسە هەڵواسراوەكان، نەك شاندی حزبی". 

لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، رێبوار بابكەیی گوتی: "لای هەمووان روونە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە پێویستە بەربژێرێكی بۆ دیاری بكات، بەڵام تا ئەم ساتەی قسە بۆ ئێوە دەكەم، یەكێتی لەسەر بەربژێرێك رێك نەكەوتووە بۆ ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات".

 سلێمانی / هەستیار عەبدوڵا



وشە - سلێمان تاشان