دوای ساڵێك له هاتنی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، دۆخی عێراق هه‌میشه خراپتر ده‌بوو و به هیچ شێوه‌یه‌ك جێگیر نه‌بوو، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌وڵیان ده‌دا هه‌میشه نه‌یاریان زیاتر ده‌بوو و قوربانییان له ڕیزی سوپای وڵاته‌كه زۆرتر ده‌بوو، تا دواجار ناچاربوون ستراتیجی تیمی مه‌رگ بگرنه‌به‌ر، كه دوور له یاسا و هه‌موو ڕێساكان ده‌كه‌وتنه گیانی نه‌یارانی ئه‌مه‌ریكا، به پشتبه‌ستن به‌و ستراتیجه ئێسته میلیشیاكانی عێراقیش هه‌مان سیاسه‌تییان گرتووه‌ته به‌ر.
ئه‌ركی ئه‌و تیمه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دروستكردنی
تیمه‌كانی مه‌رگ قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان عێراقییه‌كان بوو، واته گۆڕینی دوژمنایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن عێراقییه‌كان بۆ دژایه‌تی نێوان خودی خۆیان، له‌مه‌یش دا سه‌ركه‌وتووبوون، دوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش له 2011 شه‌ڕی مه‌زه‌وی به‌رده‌وامی هه‌بوو و به ده‌یان هه‌زار له سوننه و شیعه له‌یه‌كتر كوژران.
ئه‌مه‌ریكییه‌كان له دوای ڕووخانی به‌عس به ته‌واوی نزیكبوونه‌وه له شكستهێنان و زاڵبوون به‌سه‌ر عێراق، بۆیه پنتاگۆن پسپۆری سه‌ربازی جێمس ستیلی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كرد، تا دوا كارتی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به‌كار بهێنێت و دوژمنایه‌تی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ناو خه‌ڵكی عێراق به دوژمنایه‌تی یه‌كتر بگۆڕێت.
جێمس ستیل پێشتر ئه‌زموونی له‌و بواره هه‌بوو، بۆیه حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ئه‌ركی پێ سپارد تا تیمه‌كانی مه‌رگ له عێراق دروست بكات و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تیشی پێ درا، پێشتر ستیل له سلڤادۆر هه‌مان سیاسه‌تی گرته‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتی دروستكردنی تیمه‌كانی مه‌رگی ده‌كرد، بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی زۆربوو، به‌ڵام پنتاگۆن له‌و باشتریان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت.
دۆناڵد رامسفێلدی وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكاتی عێراق و جۆرج بۆشی سه‌رۆك و دیك چینی جێگری له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كه هاوڕا بوون و ستیلیان ڕه‌وانه‌ی عێراق كرد، له‌وێ له چه‌ندان سه‌ربازگه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه‌سانی هه‌ڵبژێردراو له ناو كۆمه‌ڵگای عێراقی مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ ده‌كرد، دواتر له ڕیزی پۆلیس و سوپا داده‌نران یان به تیمی تایبه‌ت شه‌وان به ئه‌ركی جیا جیا ڕایان ده‌سپاردن، بۆ له‌ناوبردنی نه‌یارانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌م ستراتیجه دواتر له‌لایه‌ن حزبوڵا له لبنان و محه‌مه‌د ده‌حلان له غه‌زه و به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا جێبه‌جێ كرایه‌وه.
ستیل ئه‌فسه‌ری پێشووی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو، به‌رپرسی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه و ستراتیجه نوێیه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو، له ڕێی تیمه‌كانی مه‌رگه‌وه له سلڤادۆر 75 هه‌زار كه‌سی له‌ناوبرد، هه‌ریه‌ك له كۆلۆنێل جێمس كۆفمان و جۆن نیگرۆپۆنتی باڵوێز و پسپۆر له بواری تیرۆر له حوزه‌یران / یۆنیۆی 2004 گه‌یشتنه به‌غدا.
له ماوه‌ی چه‌ند مانگێك كاركردنی ئه‌و تیمه توانیان 11 هه‌زار كه‌سی بژارده له عێراق كۆ بكه‌نه‌وه و جه‌نه‌راڵ و پسپۆره تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ كردن، دواتر ئاشكرابوو كه ته‌نانه‌ت ئه‌و گرووپه لیوایه‌كی تایبه‌تیان له‌ناو پۆلیس هه‌بووه كه ژماره‌یان 800 كه‌س ده‌بوو.
واشنتن ئه‌و گرووپه‌ی به تاكه ئامراز ده‌زانی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی لابدات و به ته‌واویش نه‌یارانی خۆی له شه‌قامی عێراق له‌ناو ببات، به‌ر له‌وه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و تیمانه‌ی مه‌رگ تێپه‌ڕێت، شه‌قامه‌كانی به‌غدا پڕبوون له ته‌رم و سه‌رجه‌میان گولـله‌یه‌كیان له سه‌ری ده‌درا، یان چاویان ده‌رده‌هێنرا و به ته‌واوی شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه به جه‌سته‌یانه‌وه دیار بوو، به گوێره‌ی ئاماره‌كان مانگانه سێ هه‌زار ته‌رم له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا له‌و ماوه‌یه ده‌دۆزرانه‌وه و ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری ده‌كرد، هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌لایه‌ن تیمه‌كانی مه‌رگه‌وه جێبه‌جێ ده‌كران، ئه‌وان گرتووخانه‌ی نهێنی و جۆره‌ها ئامرازی پێشكه‌وتوویان له‌به‌رده‌ست بوو، هه‌ر نه‌یارێكی ئه‌مه‌ریكاش كه ده‌كرایه ئامانج، سه‌ره‌تا ده‌هێنرایه ناو گرتووخانه نهێنییه‌كان و تیمه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا "سی ئای ئه‌ی" به دڕندانه‌ترین شێواز لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردن و هه‌رچی زانیاری هه‌بوو لێیان وه‌رده‌گرتن، ئنجا به‌یانی ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قام فڕێ ده‌دا.
له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیجه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ماكس ڤۆله‌ر نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی كتێبێكی به‌ناوی "عێراق: بژارده‌ی سلڤادۆری ده‌بێته ڕاستی" به وردی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر قوربانیان و هه‌ڵمه‌ته‌كانی تیمه جیا جیاكانی مه‌رگ له عێراق له‌و كتێبه خستووه‌ته‌ڕوو.
دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق، به‌غدا و ناوچه جیا جیاكانی تر دووباره تیمه‌كانی مه‌رگیان لێ دروستبووه‌ته‌وه، به‌ڵام به ئامانج و باوه‌ڕ و شێوازێكی تره‌وه، ئه‌مجاره میلیشیاكان ئه‌م ستراتیجه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێڕه‌و ده‌كه‌ن، بۆ له‌ناوبردنی نه‌یارانی ئێران و كوشتنی چالاكان و ڕه‌خنه‌گران له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، ئامانجی سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه پێگه‌ی ئێران له عێراق به‌هێزتر بكه‌ن و به ته‌واوی كۆنتڕۆڵی وڵاته‌كه بكه‌ن.
له دوای هاتنی داعش له 2014 بۆ ناوچه‌كانی عێراق، بیرۆكه‌ی دروستكردنی تیمه‌كانی مه‌رگ له‌لایه‌ن میلیشیاكان له‌لایه‌ن نووری مالیكی جێگری سه‌ركۆمار و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی تاوتوێكرا، دواتر مالیكی وه‌ك پێشنیاز ئاراسته‌ی ڕابه‌ڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران عه‌لی خامنه‌یی كرد و ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندی داوه و ماوه‌ی چوار مانگ له تاران گفتوگۆ و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی دروستكردنی ئه‌و تیمانه كراوه.
دوای دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تیمانه جارێكی تر ته‌رمه‌كان له‌سه‌ر شه‌قام به لێشاو فڕێ ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌مجاره به ڕێژه‌یه‌كی كه‌می له به‌غدایه، به‌ڵكوو زۆرترین له ناوچه‌كانی سوننه‌یه، كه فه‌لووجه و ڕوومادی و هیت زۆرترین ئامانجی ئه‌و تیمانه‌یان تێدابووه و زۆرترین ته‌رمی لێ دۆزراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌ویش ده‌وروبه‌ری به‌غدا و سامه‌ڕا و مووسڵ و ناوچه‌كانی تری سوننه به وردی ده‌كرێنه ئامانج.
له گرنگترین قوربانیانی ئه‌و تیمانه، كوشتنی سه‌ركرده‌یه‌كی پێشووی شیعه به ناوی شه‌وقی حه‌داد بوو دوای ئه‌وه‌ی له نه‌جه‌ف هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی، چونكه ئێرانی به ساخته‌كردنی هه‌ڵبژاردنی عێراق تۆمه‌تبار كردبوو، دواتر عادل شاكر ته‌میمی كه‌سایه‌تی نزیك له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق كه زۆر جار به نوێنه‌ری تایبه‌تی عه‌بادی له كۆنگره و سه‌ردانه‌كانی ده‌ره‌وه ڕۆڵی بینیوه كوژرا، جیا له سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی هاوشێوه‌ی ئێران له عێراق دروست بكرێ، چالاكان و نمایشكارانی جل و مۆده و بێژه‌ری ته‌له‌ڤزیۆن كراونه‌ته ئامانج، وه‌كو ڕه‌شا حه‌سه‌ن پسپۆری جوانكاری، ره‌فیف یاسری خاوه‌نی شوێنی باربی له به‌غدا و چه‌ندان كه‌سی تر.
به گوێره‌ی ئاماره‌كان له تشرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ری 2015 تا 21ی ئه‌یلوول /سێپتێمبه‌ری 2016 زیاتر له 52 ته‌رم له شه‌قامه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه كه زۆرینه‌یان ته‌مه‌نیان له نێوان 20 بۆ 35 ساڵی بووه و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئه‌و ڕێژه‌یه ڕووی له زیادبوونه.