سوودەكانی خواردنی هەڵووژەی وشك

:: PM:04:15:17/03/2019 ‌
كاتێك باس لە میوە و سوودەكانی دەكرێت بێگومان ترێ و مانگۆ لە ریزبەندی یەكەمیدان و كەمتر باس لە گرنگی هەڵووژە دەكرێت، میوە وشكراوەكان بەهەمانشێوە بڕێكی زۆر پێكهاتە ڤیتامینیان تێدایە كە بۆ لەش پێویستن لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رۆژانە بخورێن بۆ ئەوەی پێكهاتە گرنگەكانی بەلەش بگات، هەڵووژەی وشك قەبزی چارەسەر دەكات و سوودی تەندروستی زۆری هەیە بۆ لەش لەگەڵا ئەوەشدا، بەشێوەیەكی ئاسایی دەتوانرێت بخورێت. لێرەدا باس لە پێنج سوودی هەڵووژەی وشك دەكەین بۆ خواردن:

یەكەم: ئێسك بەدروستی دەهێڵێتەوە، ژنان زیاتر تووشی كەمپتەوی ئێسك دەبنەوە لەچاو پیاواندا، ئەمەش بۆ كەمبوونەوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجینە لە كاتی پیربووندا ئەم هۆرمۆنەكەم دەبێتەوە، ئەم ئیسترۆجینە لە ژنان دەبێتە هۆی پاراستنی ئێسكەكان و بەهێزبوونیان، خواردنی كووپێك شیر رەنگە برێكی زۆر كالیسیۆم بە ئێسك بدات، بەڵام جگە لە شیر دەتوانرێت كووپێك هەڵووژەی وشك بخۆیت كە هەمان كاری شیر دەكات و بڕێكی زۆر فلاڤۆنۆیدسی تێدایە كە مەترسی كەمپتەوی ئێسك كەم دەكەنەوە لەكاتی پیربووندا.

دووەم: كرداری پیربوون دوادەخات، خواردنی هەڵووژەی وشك پیربوون دوادەخات و بەمەش رەگە ئازادەكان بێلایەن دەكات، رەگە ئازادەكان زیان بە DNA و پەردەی خانە، پرۆتینی خانە دەگەیەنن و كاری ئەلیكترۆلایت كەم دەكەنەوە بەهۆی ئۆكساندنەوە، بوونی رەگە ئازادەكان كرداری پیربوون خێرا دەكات، باشترین پێكهاتە بۆ رێگریكردن لە پیربوونی پێست ڤیتامین K و كارۆتینی بێتایە كە پێكەوە كار دەكەن و كرداری پیربوون دوا دەخەن.

سێیەم: رێ لە قەڵەوی و شەكرەی جۆری دووەمی دەگرێت، ئێستە قەڵەوی هۆكارە بۆ چەندان نەخۆشی مەترسیدار لە لەشدا لە هەردوو رەگەزدا بە شێوەیەكی دیار روو دەدات. یەكێك لە باشترین ئەو رێیانەی كە رێ لە قەڵەوی دەگرێت خواردنی هەڵووژەی وشكە، كۆنترۆڵی ئارەزووی خواردن دەكات و بڕێكی زۆر ریشاڵی تواوەی تێدایە كە شەكری لەش دەتوێننەوە.

چوارەم: هەڵووژەی وشك رێ لە شێرپەنجە دەگرێت، هەموومان دەزانین لە دنیا شێرپەنجە بەبێ گوێدانە رەگەز و ئاین و تەمەن تووشی مرۆڤ دەبێت بەپێی توێژینەوەی پزیشكی و رێیەكانی چارەسەركردنی شێرپەنجە چەندان رێی پزیشكی هەیە بۆ چارەسەركردنی، بەڵام ئەگەر لە سەرەتای دەركەوتنی نەخۆشییەكەدا بێت، ئەوە خواردنی هەڵووژەی وشك سوودێكی زۆری هەیە، چونكە بڕێكی زۆر پهیتۆنوتریەنتس تێدایە كە بەشێوەیەكی گشتی ناسراوە بە فینۆڵ كیمیك، دەچنە پێكهاتەی خانەكانەوە دەیپارێزن لە ئۆكساندنی چەوری وە ئەمەش مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەكان كەم دەكاتەوە وەك شێرپەنجە.

پێنجەم: ئاستی كۆڵیسترۆڵ كەم دەكاتەوە، ئەگەر نەخۆشی دڵ یان بۆڕییەكانی خوێنت هەیە ئەوە پێویستە هەڵووژەی وشك بخۆیت، چونكە یارمەتی پاراستنی زراو دەدەن و دەردراوەكانی زراو زیاد دەكەن و بەمەش جگەر دەپارێزێت لەگەڵ ریخۆڵەكاندا، چەوری لەش لە رێی دەردراوەكانی زراوەوە دەتوێنێتەوە و بەمەش هەرسكردنی چەوری ئاسانتر دەكات، كاتێك لەشمان بیەوێت لە رێی دەردراوەكانی جگەرەوە ئەو هەڵووژەیە هەرس بكات كە دەیخۆین ئەوە بڕێكی زۆر چەوری لە لایەن جگەرەوە دەردەدرێت و بەمەش دەردراوەكانی زراو زیاد دەكات و كۆڵیسترۆڵی لەش نزم دەبیتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد