بۆ دابەزاندنی كێش نوستن باشترە

:: PM:05:31:19/03/2019 ‌

زانایان و شارەزایانی بواری نوستن دەڵێن كە خەوتنی شەوانە بۆ ماوەیەكی گونجاو، واتە لە نێوان 7-8 سەعات، رەنگە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش باشتر بێت لە چوون بۆ هۆڵەكانی وەرزشكردن.  

گای میدۆز، مامۆستای شارەزا لە بواری نوستن لەو بارەوە بۆ ماڵپەڕی "میرۆر ئۆنلاین" گوتی، لەوكاتەی هەموومان لە ژیانێكی جەنجاڵدا دەژین، زۆرجار ئەو پرسیارە دەكەین ئاخۆ لەخەوهەستان بەر لە سەعاتێك لە چوونە سەر كار و ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی بیرۆكەیەكی باشە یان نا. 

زیاتر گوتی، بە بۆچوونی خۆم راهێنانی وەرزشی گرنگە بۆ پارێزگاریكردن لە توانای لەش، بەڵام نابێت لەگەڵ كاتەكانی پێویست بۆ نوستن تێكەڵ بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەوڵ بۆ توانایەكی باشی جەستەیی بدەی، پێویستە كاتی پێویست بۆ نوستن تەرخان بكەی و بیكەیتە بەشێكی پلانەكانت لە راهێنانكردن.

میدۆز روونی كردەوە، بڕی پێویستی نوستن رۆژانە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بەڵام بەگشتی پێویستە هەشت سەعات بخەوین بۆ ئەوەی بەدرێژایی رۆژ هەست بە چالاكی بكەین، دووپاتی كردەوە ئەگەر مەبەست لە چوونە هۆڵەكانی وەرزشكردن دابەزاندنی كێشی لەش بێت، دەتوانرێت خەوتن بۆ ماوەی گونجاو و پێویست ئەویش چارەسەر بێت، چونكە خەوتن پێویستە بۆ رێكخستنی هۆڕمۆنەكانی ئارەزووی خواردن، واتە گریلین و لیپتین، كە بەرپرسن لە كۆنترۆڵكردنی هەستكردن بە تێربوون و پڕبوونی گەدە.

زانایان ئاماژە دەكەن كە لەدوای شەوێكی كەمخەوی، رێژەی ئارەزووكردنی خواردن 45% زیاد دەكات و ئەوەیش ئەوە لێكدەداتەوە كە لە توێژینەوەكانی تر باسی لێوە كراوە بەوەی ئەوانەی كەمتر لە هەشت سەعات دەخەون، رێژەیەكی زۆری چەوری لە لەشیاندا بوونی هەیە. جیا لەوەی بۆ دڵ و مێشك باشە و یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش دەدات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل