سوپای عێراق هێزێكی زۆر رەوانەی شنگال دەكات

:: PM:04:29:23/03/2019 ‌

قایمقامكی شنگال رای گەیاند كە هێزێكی زۆری سوپای عێراق گەیشتوونەتە شارۆكەی شنگال و دەوروبەری و دووپاتیشی كردەوە كە سوپای عێراق كۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەكانی نایاسایی لەو دەڤەرە لەگەڵ سووریا كردووە.

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، هێزێكی زۆری سوپای عێراق گەیشتوونەتە شارۆكەی شنگال بۆ سەپاندنی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوچەكە و زیاتر گوتی، سوپای عێراق هەروەها كۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییە نایاساییەكانی لەگەڵ سووریا كردووە و لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هێزانەوە تا ئێستە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان هیچ پێشێلكارییەكەیان نەكردووە.

خەلیل دووپاتی كردەوە، جێبەجێكردنی یاسای فیدراڵ و سەپاندنی ئاسایش لە شارۆكەكە دەبنە هۆی ئاوەدانكردنەوەی شارۆكەكە و راكێشانی رێكخراوە نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشەكان بەرەو ئاوەدانكردنەوەی شارە وێرانبووەكان و كاركردن بەبێ ترس وەك پێشتر.

هەفتەی رابردوو دووجار رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە لە دەوروبەری شارۆكەی شنگال رووی دا و زیانی گیانی لە هەردوولا هەبوو، قاسم دەڕبۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردانی ئێزیدی بە "وشە"ی راگەیاند لە دوای ئەوەی شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای عێراق و یەپەشە رووی دا، دۆخی شنگال ئاڵۆزتر بووە و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێكی قوڕس دەكرێت لە نێوان هەردوولادا.

زیاتر گوتی، ئەو هێزانەی ئێستە بەناوی یەپەشەوە لە شنگالن، بەغدا بۆ ركابەری ئێمە پاڵپشتی لە دامەزراندنیان كرد و زیاتر لە هەزار چەكداریان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە مووچەیان پی دەدرا، بەڵام ئێستە عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەكەكە شنگال جێبێڵێت و ئەگەر ئەو داوایە جیبەجێ نەكات، ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورە هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل