سووریا.. هەسەدە داوای گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەكات

:: PM:05:56:23/03/2019 ‌

دوای شكانی رێكخراوی داعش كۆتاهێنانی سەربازی لەسەر خاكی سووریا، هێزەكانی سووریای دیموكرات كە لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن، داوا لە حكوومەتی سووریا دەكەن بۆ دەستكردن بە گفتوگۆیەك لەسەر بنەمای داننان بە خۆبەڕێوەبەری لە باكوری سووریا، هاوكات داواشیان لە توركیا كرد كە خاكی سووریا جێبێڵێت.

مەزڵووم كۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە بەیاننامەیەكدا لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كێڵگەی عەمەری نەوتی، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە داوا لە حكوومەتی ناوەند لە دیمەشق دەكەین كە بایەخ بە پرۆسەی گفتوگۆ بدات و دەست بە هەنگاوی كردەنی بكات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لەسەر بنەمای داننان بە خۆبەڕێوەبەری هەڵبژێردراو لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا و قبووڵكردنی تایبەتمەندی هێزەكانی.

لەو كاتەی بەمدواییە حكوومەتی سووریا رای گەیاند كە سوپای ئەو وڵاتە سوورە لەسەر كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی خاكی سووریا لەوانەیش لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەن، جا لە رێگەی ئاشتی یان جەنگەوە بێت، ئەمڕۆ لە ئاهەنگێكی گەورە بەبۆنەی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی داعش  لە باغووز، هەسەدە رای گەیاند كە لە ئۆپراسیۆنە سەربازی و تەناهییەكانی لەدژی شانە نوستووەكانی رێكخراوەكە بەردەوام دەبێت.

كۆبانی دووپاتی كردەوە، بە رای گشتی رادەگەیەنین كە قۆناغێكی نوێ لە جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش دەستی پێ كردووە بەمەبەستی لەناوبردنی تەواوەتی بوونی نهێنی سەربازیانەی رێكخراوەكە و شانە نوستووەكانی كە تا ئێستەیش مەترسی گەورەن بۆ سەر ناوچەكانمان و دنیا بەگشتی. 

دووپاتی كردەوە، هەروەها داوا لە توركیا دەكەین كە خاكی سووریا جێبێڵن، بەتایبەتی ناوچەی عەفرین كە ناوچەیەكی كوردییە، لەو كاتەی هێزەكانی توركیا لە نزیك ناوچەكانی كورد لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن و هەڕەشەی بەردەوام بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ناوچەكە دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل