گوتەبێژی یەكێتی زانیاری لەسەر كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی ئاشكرا دەكات

:: PM:06:56:23/03/2019 ‌

بڕیارە سبەی یەكەم 24ی ئادار، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە و گوتەبێژی فەرمی یەكێتیش زانیاری زیاتر دەدات. 

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئادار، لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، سبەی شاندی دانوستانكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری هەولێر دەكەن. 

لەتیف شێخ عومەر زیاتر گوتی، شاندەكەی یەكێتی هەر ئەوانەن كە پێش نەورۆز لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی كۆبوونەوە. 

لە بارەی ئەوەی كە ئایا سبەی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ شاندی پارتی رێكدەكەون، گوتەبێژەكەی یەكێتی گوتی: " ئێمە بۆ رێككەوتن دەڕۆین و ئومێدمان وایە سبەی رێككەوتنەكەمان لەگەڵ شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئەنجام بدەین". 


 ڕۆژی 19ـی ئادار شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شاندێكی نوێ‌ دەستیان كرد بە گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی كێشە ناوخۆیەكانیەوە تا ئێستە هیچ كەسێكی بۆ پۆستەكانی یەكلا نەكردووەتەوە و ئەوەیش هۆكار بووە بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم