سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا دەدات

:: PM:07:45:23/03/2019 ‌
بڕیارە سبەی یەكشەم 24ی ئادار/ مارس، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی پێنجەمی لە وەرزی دووەمیدا، پرسی دوورخستنەوەی نۆفل عاكوب پارێزگاری نەینەوا و راپۆرتی بەدواداچوونی ژێر ئاو كەوتنی بەلەمەكەی مووسڵ بخاتەڕوو.


پەرلەمانی عێراق، كارنامەی دانیشتنی ژمارە پێنجی بڵاوكردەوە  كە لە سەرووی خشتەكەشدا پرسی سەندنەوەی متمانە لە نۆفل عاكوب پارێزگاری نەینەوا دێت لەگەڵ دوو یاریدەرەكەی.

لە بڕگەیەكی تری دانیشتنی پەرلەمان، راپۆرتی لیژنەی خستنەڕووی راستییەكان تایبەت بە پارێزگای نەینەوا دەخوێندرێتەوە، هاوكات جگە لەو دوو بڕگەیە ئەوا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای دەستخستنی نا یاسایی و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای شاری پیشەسازی و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای چارەسەری دەستدرێژی و خانووی زیادەڕۆ، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەموواری یەكەمی یاسای دەستبەسەرداگرتن موڵكی گواستراوە و نە گواستراوە دەكرێت.

دانیشتنەكەی پەرلەمان لە پرسی خستنەڕووی وەرگرتنەوەی متمانە لە نۆفل عاكوب لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دێت پاش ئەوەی ئەمڕۆ بە كۆی دەنگ ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیان بۆ داواكەی سەرۆك وەزیران دا بۆ سەندنەوەی متمانە لە پارێزگاری نەینەوا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەكە شوێنی جەزیرەی گەشتیاری لە رۆژی 21ی ئەم مانگە كە بەهۆیەوە بەپێی ئاماری فەرمی پزیشكی دادی موسڵ 97 كەس گیانیان لە دەستداوە.

سەرۆك وەزیران لە نامەكەی بۆ پەرلەمان داوای سەندنەوەی متمانەی لە نۆفل عاكوب پارێزگار و دوو یاریدەرەكەی كردووە و دەڵێ ئەوەی روونە كە پارێزگار كەمتەرخەم بووە بەرانبەر بەو بەرپرسیاریەتییەی لەسەر شانیەتی، جگە لەمە بەگوێرەی بەدواداچوونەكان دەركەوتووە نۆفل عاكوب هۆكار بووە لە بە فیڕۆدانی ماڵی گشتی و سوود وەرگرتن لە پۆستەكەی بەپێی مادەی حەوتەم و 38ی یاسای پارێزگاكانی ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموار كراو.

جێی بیرخستنەوەیە، بەلەمەكەی جەزیرەی مووسڵ 170 كەسی هەڵگرتبوو، كە زۆر زیاتر بووە لەو توانایەی بەلەمەكە هەیەتی كە 30 كەسە، بەمەش بەلەمەكە لەناو رووباری دیجلە وەرگەڕا و بەهۆیەوە 97 كەس گیانی لە دەستدا كە بەشی زۆریان ژن و مناڵ بوون.
 



وشە - فه‌رمان سادق