بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات

:: PM:08:05:23/03/2019 ‌

بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بڕیارە لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆ ببێتەوە.

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەفتەی رابردوو لە بارەی چەند راسپاردەیەك بۆ ئەو كاندیدانەی سیڤیان ئاراستەی بزووتنەوەكە كردبوو، كۆبووە و هەروەها لیژنەیەكیش بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدەكان پێكهێنرا.

ئەمڕۆ شەموو ٢٣ی ئادار, نەسرەدین مەحموود, ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند, ئەو لیژنەی كە جڤاتی نیشتمانی لە بارەی كاندیدەكانەوە پێكی هێناوە، كارەكانی دەست پێ كردووە و هەڵسەنگاندن بۆ سیڤییەكان دەكەن.

زیاتر گوتی, جڤاتی نیشتمانی بەپێی پێڕەوی ناوخۆ دوو مانگ جارێك كۆدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پرسی كاندید بۆ پۆستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی حكوومەتی داهاتوو هەیە, بۆیە لەو حاڵەتەدا جڤاتی نیشتمانی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات.

لە بارەی كاتی كۆبوونەوەكە ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی ئاماژەی كرد، بڕیارە لە چەند ڕۆژێكی كەم جڤاتی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسە كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدەكان بدات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل