لە سلێمانی ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری 46%ی تێپەڕاند

:: PM:08:19:16/05/2019 ‌

لە سلێمانی رێژەی لە دایكبوونی منداڵ بە نەشتەرگەری گەیشتووەتە سەرووی رێژەی ستانداری جیهانی و بەڕێوەبەری تەندروستی شارەكەیش دەڵێت، دەیانەوێت ئەو حاڵەتە كەم بكەنەوە و رێگری بكەن لە زیاتر تەشەنەكردنی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، رێژەی لە دایكبوونی منداڵ بە شێوازی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان زیادی كردووە و ئەوەیش مەترسیدارە بۆ ژنان.

روونیشی كردەوە كە بە گشتی لەم سەردەمەدا هەر ژنێك كەمنداڵی دەبێت بە ویستی خۆی یان كەسوكاری داوای نەشتەرگەری دەكات و لە دایكبوونی سروشتی زۆر كەمبووتەوە و ژنانیش لە گرنگییەكەی نازانن.

لای خۆیەوە شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە سلێمانی ئێستە 46%ی تێپەڕاندووە كە بەپێی ستاندەر نابێ‌ لە ساڵیكدا نەشتەرگەری منداڵبوون 20% تێپەڕێنێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، زیادبوونی منداڵبوون بە نەشتەرگەری پێوەستە بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و بەپێی ئامارەكان لە كۆی 100 ژن لە سلێمانی 46 ژنیان منداڵیان بە نەشتەرگەری لە دایك دەبێت.

بەپێی ئامارەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ساڵانە نزیكەی 30 هەزار منداڵ لە دایك دەبن و بەپێی رێژەی لە دایكبوونەكەیش نزیكەی نیوەی منداڵبوونەكە بە نەشتەرگەرییە.

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیانی گەورە لە كۆرپلە و دایكەكە دەدات و هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی چەندان نەخۆشی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم