شتێكی نوێ نییه و هه‌موو ڕۆژ هه‌واڵی دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی ده‌بیستین و دۆخی ئابووری توركیایش به‌رده‌وام ڕووی له پاشه‌كشه‌یه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و گرژییه سیاسییه‌كانی كه وڵاته له ناوخۆ و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری دنیا تێی كه‌وتووه، له ساڵی ڕابردوو لیره به ڕێژه‌ی 30% به‌های له ده‌ست دا و ئه‌مساڵیش ڕێژه‌كه تا ئێسته گه‌یشتووه‌ته 15%، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی ته‌نگژه‌ی لیره و دارایی توركیا كۆتایی نایه‌ت و بۆچی حكوومه‌ت ئه‌و وڵاته ناتوانێ ڕێ له داته‌پینی زیاتری ئابووری وڵاته‌كه بگرێ؟
له سه‌ره‌تادا پێویسته ئه‌وه بزانین كه هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی نرخی دراوه‌كان له سیسته‌می ئاڵوگۆڕی ئازاد كارێكی سروشتییه، به‌ڵام هه‌میشه دابه‌زین كارێكی ناسروشتی و نه‌رێنییه، نرخی دراو پێوه‌سته به هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ئابووری، داته‌پینی به‌رده‌وامی نرخه‌كه‌یش ده‌بێته هۆی ناجێگیری دۆخی سه‌رجه‌م كه‌رته ئابوورییه‌كان.
هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی توركیا هه‌موو ڕێگاكانی تاقیكرده‌وه بۆ كۆتاییهێنان به ته‌نگژه‌ی داته‌پینی به‌های لیره، به‌ڵام تا ئێسته سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، حكوومه‌ت ڕاسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردانی له بازاڕی دراو كرد، بانكه حكوومییه‌كان له 10ی ئایار/مایۆ زیاتر له ملیارێك دۆلاریان خسته بازاڕه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی دۆلار به لیره ئاسایی ببێته‌وه و كاتێك دۆلار له بازاڕ زۆر بێ، ڕاسته‌وخۆ نرخی لیره به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ته‌نیا له ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو كۆی گشتی 4.5 ملیار دۆلار خراوه‌ته بازاڕی دراوی توركیاوه له‌لایه‌ن بانكه حكوومییه‌كانه‌وه.
هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه وایكردووه نرخی لیره ته‌نیا به ڕێژه‌ی 2% به‌رز ببێته‌وه، له كاتێكدا چه‌ند ساڵێكه به به‌رده‌وامی نرخی لیره ڕووی له داته‌پینه، كه‌واته بۆچی چاره‌سه‌ره‌كان ناتوانن كۆتایی به ته‌نگژه‌كه بێنن؟ ئه‌حمه‌د زكروڵا ڕاگری كۆلێژی ئابووری و پاره‌داركردن له ئه‌كادیمیای پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له توركیا له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، هۆكاری دابه‌زینی به‌رده‌وامی نرخی لیره بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و پسپۆره ده‌ڵێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاورده‌ی توركیا به ڕێژه‌ی 170 ملیار دۆلار خه‌ملێنراوه و 40 ملیاری به‌هۆی كه‌رتی گه‌شتیارییه، به‌ڵام قه‌رزی ده‌ره‌كی گه‌وره‌ترین هۆكاره له‌به‌رده‌م هه‌ڵسانه‌وه‌ی نرخی لیره، كه زۆرتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست كردووه، جیا له‌وه‌یش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووی بانكه ئه‌هلییه‌كان و ڕۆیشتنی سه‌رمایه‌داران و گواستنه‌وه‌ی پاره‌كانیان، وایكردووه به به‌رده‌وامی چاره‌سه‌ره‌كان نه‌توانن به‌ر به ته‌نگژه‌كه بگرن.
ده‌رچوونی پاره‌یش له توركیا بۆ هۆكاری سیاسی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ نموونه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان، له توركیا بووه هۆی كێشه و ترسی زۆری دروست كرد، دوای ئه‌وه‌ی پارتی فه‌رمانڕه‌وا ئه‌نكه‌ره و ئیسته‌نبۆل و ئه‌زمیری له ده‌ست دا، دواتریش دروستبوونی ته‌نگژه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی یه‌كتر به ساخته‌كاری و دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه له ئیسته‌نبۆل به ته‌واوی دۆخی ناوخۆی شڵه‌قاندووه و خه‌ڵكی متمانه‌یان نه‌ماوه و هه‌ر تاكێك هه‌وڵ ده‌دا خۆی ده‌رباز بكات.
به بڕوای ئه‌و پسپۆره سیاسه‌تی ناوخۆ و كێشمه كێشمهكانی نێوان پارته سیاسییه‌كان بووه‌ته هۆكاری هه‌ست كردن به نائارامی و داهاتوویه‌كی شێواو بۆیه خه‌ڵكی ترس و دڵه‌ڕاوكێیانه، ئه‌مه‌یش وایكردووه هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی نرخه‌كه‌ی بگاته 6.20 لیره‌ی توركی.
كێشه‌كه له‌وه‌دایه، ئایا حكوومه‌ت د‌رك به‌و هۆكارانه ناكات كه بوونه‌ته هۆی به‌رده‌وامی ته‌نگژه‌كه، بێگومان دركی پێ ده‌كات و به ڕوونیش ده‌یزانێ، له‌به‌ر ئه‌وه كۆمه‌ڵێك به‌رنامه و پلانی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه به ئامانجی چاكسازی و دووباره گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ی ئابووری وڵات.
برات به‌یره‌ق وه‌زیری گه‌نجینه و دارایی
توركیا له‌وباره‌وه ئاشكرای كرد، له به‌رنامه‌ی چاكسازی حكوومه‌ت یه‌كه‌م كه‌رت بریتی ده‌بێ له كه‌رتی دراو و ئابووری و بانكداری كه چاكسازی تێدا ئه‌نجام ده‌درێ، دوای چه‌ند مانگێك له ڕاگه‌یاندنی ئه‌و به‌رنامه‌یش و ده‌ركردنی چه‌ندان بڕیار و گرتنه‌به‌ری ده‌یان ڕێوشوێن، كه‌چی دۆخه‌كه وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه و گۆڕانێكی ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێت.
لایه‌نێكی تر كه حكوومه‌تی توركیا پشتی پێ به‌ستووه هاتنی گه‌شتیاره و توركیا پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه له مساڵ پێشوازی له 50 ملیۆن گه‌شتیار بكات، به‌وهۆیه‌وه فڕۆكه‌خانه‌ی گه‌وره‌ی ئیسته‌نبۆل به‌شێكی كرایه‌وه و ده‌یه‌وێ له‌و ڕێگه‌یه‌وه 35 ملیار دۆلار بۆ گه‌نجینه‌ی وڵات ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌مشێوه‌یه‌ش دووباره خۆی بگرێته‌وه و له ڕێی كه‌رتی گه‌شتیاری شكست به ته‌نگژه‌كه بهێنێت، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری گرژی و به‌رده‌وامی ناكۆكییه‌كان ئه‌سته‌مه بتوانرێ ئه‌م ژماره زۆره‌ی گه‌شتیار ڕوو له وڵاته‌كه بكه‌ن.
جیا له‌وه هه‌رچه‌ند ڕێژه‌ی گه‌شتیارانیش بۆ وڵاته‌كه زۆر بێ، به گوێره‌ی ئاماره‌كان ڕێژه‌ی ده‌رچوونی پاره و سه‌رمایه‌دارانیش له وڵاته‌كه ڕووی له زیادبوونه، بۆیه پێشبینی ناكرێ، كه گه‌شتیاران بتوانن ده‌رمانی ئه‌و په‌تایه بكه‌ن كه به‌رۆكی لیره‌ی توركی گرتووه.