به‌رهه‌مه‌كه‌ى دەمیرتاش ده‌كرێت بە کوردی

:: PM:01:27:17/05/2019 ‌
''دەوران" ناوی دووەمین کتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاشە، بڕیاره‌ بەم نزیکانە بە کوردی بڵاو بکرێتەوە.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، کتێبی "دەوران" لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەوە لە زینداندا نوسراوە، لە کۆمەڵە چیرۆکێک پێکهاتووە و بە زمانى تورکی نوسراوە، لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ فەرهاد چۆمانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

شایه‌نى باس كردنه‌ كه‌ بگوترێت پێتر كه‌ نووسەر و وەرگێڕ فەرهاد چۆمانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، دووهەم کتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە لە زیندان ئازاد دەبن، ئه‌ویش ده‌یكاته‌وه‌ به‌ كوردى.

"دەوران" دووەمین کتێبی دەمیرتاشە پاش نووسینی یەکەمین کتێبی بە ناوی "سەحەر" کە ساڵی ڕابردوو بڵاوکرایەوە و بە هەمان شێوە لەلایەن فەرهاد چۆمانییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا و یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین کتێبەکان.

"دەوران" لە کۆمەڵە چیرۆکێک پێکهاتووە، ڕۆژی 12ی نیسان، بۆ یەکەم جار بە زمانى تورکی بڵاو کرایەوە، ناوەرۆکی کتێبەکە باس لە "ڕۆژگاری ئەمڕۆ و ئەو ڕۆژگارانە دەکات کە دێن و دەچن، ڕۆژێک دێت ئەم دەوور و زەمانە دەگۆڕێت."

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، جگە لە کاروباری سیاسی، خولیاکانی بۆ ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیری نیشانداوە، گۆرانی گوتووە و چیرۆکی نووسیوە و تابلۆی کێشاوە، دەمیرتاش لە پارێزەرییەوە هاتووەتە ناو كایەی سیاسییەوە و پاش تێپەڕینی ماوەیەكی كەم كاریگەرییەكی گەورەی دروست كرد، پاش ئەوەی لەسەر هەڵوێستی سیاسی زیندانی كرا، تا ئێسته‌ و لە ماوەی زیندانیکردنیدا دوو کتێبی نووسیوە.


وشە - محەمەد میران