كۆبوونەوەی نهێنیی قاسم سلێمانی لەگەڵ میلیشیاكانی عێراق لە بەغدا ئاشكرابوو

:: AM:10:48:18/05/2019 ‌

رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی بڵاوی كردەوە، قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی بۆ میلیشیا و گرووپە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە رێكخستووە و كۆبوونەوەكەش سێ هەفتە لەمەوبەر رووی داوە.

لە كۆبوونەوەكەدا قاسم سلێمانی داوای لەو هێزانە كردووە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە بكەن. رادیۆ فەردا كە هەواڵەكەی گواستووەتەوە راستی و دروستی هەواڵەكەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.

هێشتا نە ئێران و نە ئەمەریكا هیچ هەڵویستێكیان بەرانبەر بەو هەواڵەی رۆژنامەی گاردیەن نەبووە. رۆژنامەكە پشتی بە دوو سەرچاوەی باڵای هەواڵگری بەستووە بێ ئەوەی ناوەكانیان ئاشكرا بكات.

دەگوترێت هەر ئەو كۆبوونەوەی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران بووە كە وایكردووە ئەمەریكا لەبارەی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەران بێت.

گاردیەن رۆژێك دوای ئەوە هەواڵەكەی ئاشكرا كردووە كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا داوای لە بەشێك لە كارمەندانی هەر دوو باڵوێزخانەی بەغدا و كونسوڵخانەی هەولێر كرد عێراق جێ بهێڵن.

دوای ئەمە هەریەك لە گرووپی میلیشیاكانی نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن دروستبوونی هەر جۆرە مەترسییەكیان رەت كردەوە.



وشە - سلێمان تاشان