بەدواداچوون بۆ خۆدزینەوەی سەرۆكی ئەمەریكا لە باجدان دەكرێت

:: PM:03:23:18/05/2019 ‌
هەوڵەكانی دیموكراتەكان تا ئێستە بێ سوود بووە دوای ئەوەی ستیڤن منوچین وەزیری دارایی رەتی كردەوە زانیاری دارایی و باجی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە دیموكراتەكان بدات، دەڵێ داواكاری دیموكراتییەكان هیچ شەرعییەتێكی نییە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، ستیڤن منوچن وەزیری دارایی ئەمەریكا رەتی كردەوە كە زانیاری و ئاماری باجی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بە دیموكراتەكانی كۆنگرێس بدات، ئەگەرچی دیموكراتەكان چەندان جار داوایان كردووە و هەڕەشەی گرتنەبەری شەڕێكی دادگایی گەورەش دەكەن.

لە نامەیەكدا بۆ كۆنگرێس منوچن دەڵێ، هیچ هۆكارێك نابینێ لە داواكاری دیموكراتەكان بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئاماری تایبەت بە باجی سەرۆكی وڵات، ئەگەرچی كۆنگرێس دەسەڵاتێكی فراوانی هەیە بۆ لێكۆڵینەوە.

ئەو پرسە وایكردووە ئیدارەی ترەمپ و دیموكراتەكان كە زۆرینەی لیژنەی پێوەندار بە باج پێكدەهێنن، كە ماوەی چەند هەفتەیەكە دەستی پێ كردووە، كۆتاییەكەی بە لە دادگا یەكلا ببێتەوە دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە وەڵامی كۆنگرێس بداتەوە.

دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی لەوە دەدات كە باج دەدات و تەواوی كارەكانی لە ژێر چاودێری باجدایە، بەڵام ترەمپ دەبێتە دووەمین سەرۆكی ئەمەریكا پاش ریچارد نیكسۆن كە ئامادە نەبوو ئاماری دانی باج ئاشكرا بكات.

ریچاری نیل سەرۆكی فراكسیۆنی دیموكراتەكان لە سێی ئەم مانگە داوای هەژماری باجی ترەمپی كردووە بۆ ساڵانی 2013 تا 2018، دەڵێ، ئامانجیان لەو داواكارییە ئەوەیە دەیانەوێت بزانن یاسای وەرگرتنی باج لە سەرۆكەكان گونجاوە یان نا.

وەزیری دارایی ئیدارەی ترەمپ ئاشكرای دەكات كە دیموكراتەكان دەیانەوێت زانیارییەكان ئاشكرا بكەن، ئەمەش هۆكاری ئەوەیە زانیارییەكان نادەن بە كۆنگرێس، بەڵام دیموكراتەكان بە تەواوەتی ئەوە رەت دەكاتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق