پەرلەمانتارێك: پڕۆژەی باش هەیە و پێویستە وەزیری داهاتووی كشتوكاڵ كەسێكی لێهاتوو بێت

:: PM:05:50:18/05/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی كشوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پڕۆژەی زۆر باش بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ لە كوردستان هەیە و پێویستە وەزیری داهاتووی كشتوكاڵ كەسێكی لێهاتوو و بوێر بێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، یاسین خدر ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژەی زۆر باش هەیە بۆ پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان و پێویستە حكوومەتی داهاتوو گرنگی پێ بدات.

زیاتر گوتی، پێویستە وەزیری داهاتووی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كەسێكی لێهاتوو بێت و بوێری بڕیار دانی هەبێت بەجۆرێك كە بەروبوومی ناوخۆی پێگەیشت ڕێ‌ لە بەروبوومی دەرەكی بگرێ‌.

یاسین خدر كە پەرلەمانتاری گۆڕانە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، نا بێت وەزیری داهاتووی كشتوكاڵ بوێری ئەوەی نەبێت بڕیاری ڕاگرتنی بەروبوومە دەرەكییەكان بدات كاتێك پەتاتەی ناوخۆی پێدەگات چ پێویست دەكات پەتاتەی وڵاتانی ترمان بۆ بێت، بۆیە باشترە وەزیر كەسێك بێت لە كەموكوڕی جووتیاران تێبگات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دراوە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و تا ئێستە كەسی بۆ یەكلا نەكراوەتەوە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم