مەشقپێكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەستی پێ كردەوە

:: AM:10:51:19/05/2019 ‌
مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەستی پێ كردەوە و بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هاوپەیمانان پێیان ڕاگەیاندووین لە مەشقپێدانەوەی هێزی پێشمەرگە هیچ گۆڕانكارییەك نییە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئایار، لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕیارە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەمڕۆ دەست بە مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە بكەنەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی كاتیی مەشق و راهێنانەكانیان راگرتبوو.   

جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە گوتی، وەزارەتی پێشمەرگە بڕیارەكەیان بە فەرمیی لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە پێ راگەیەنراوە و لە پرۆگرامەكانی مەشق و راهێناندا هیچ گۆڕانكارییەك رووی نەداوە. 

دوای هێرشەكانی داعش سوپای هەریەك لە وڵاتانی ئەمەریكا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا كە لە ساڵی (2014)دا دامەزرا، لەو كاتەوە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام لە رۆژی چوارشەمی رابردووەوە بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكە هەر سێ سوپاكە مەشق و راهێنانیان بە هێزەكانی سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە راگرت.  



وشە - رامیار جەواد