هۆكاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لای پزیشك

:: PM:06:11:11/06/2019 ‌

هەندێك كەس پەستانی خوێنیان لە ماڵەوە ئاساییە، بەڵام كاتێك دەچن بۆ لای پزیشك پەستانیان بەرز دەبێتەوە تا ئاستێكی نیگەرانكار، بەڵام هۆكار و مانای چییە؟

پێشتر وا باو بوو كە هۆكارەكەی دەروونییە و دووچاری نەخۆش دێتەوە، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێی ئەمەریكی ئاماژە بۆ شتێكی مەترسیدار دەكات لەوبارەوە كە پێوەستە بە نەخۆشییەكی درێژخایەن بەناوی "شێوانی چاكەتی سپی"، كە حاڵەتێكە و تیایدا پەستانی خوێن لە نۆرینگەكان زیاتر دەبێت و ئەو ناوەشی لێ نراوە، چونكە پزیشكان پۆشاكێكی سپی دەپۆشن.

توێژەرانی ئەمەریكا لە زانكۆی پنسلڤانیا چاودێری ئەو حاڵەتەیان لە 64 هەزار نەخۆش كرد لە هەریەك لە ئەمەریكا و ئەوروپا و ئاسیا و ئەنجامەكەیان لە بڵاوكراوەی " journal Annals of Internal Medicine "ی پزیشكی بڵاوكردەوە.

توێژینەوەكە دەڵێت، ئەو نەخۆشانەی بەدەست ئەو جۆرە شێوانەوە دەناڵێنن، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ هەیە بەڕێژەی 36% زیاتر لەوانەی نیانە، هەروەها رێژەی مەترسی مردنیان بەهۆی نەخۆشی دڵ 109% زیاد دەكات.

توێژینەوەكە ئاماژە دەكات كە یەكێك لە هەر پێنج كەس لە ئەمەریكا ئەو حاڵەتەیان هەیە و پزیشكان زۆرجار بەهۆی ئەوەی دەروونییە، بێ چارەسەری وازی لێ دێنن، بۆیە پزیشكانی ئەمەریكا رێنوێنی دەدەن بەوەی ئەوان چالاكی جەستەیی ئەنجام بدەن و پێڕەوی سیستەمێكی تەندروستی خۆراك بكەن و واز لە جگەرەكێشان و كحوول بێنن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل