زانیاری نوێ‌ لەسەر كوشتنی شوفێرەكەی دوێنێ‌ ئاشكرا دەكرێت

:: PM:12:21:12/06/2019 ‌
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەسەر كوشتنی شوفێرەكەی دوێنێ‌ زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات و دەڵێ، بكوژەكە گیراوە و ڕێكاری یاسایی دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی حوزەیران، عەبدولخاڵق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كێشەی ئەو دوو كەسە بەهۆی پێكدادانێكی سووك دروستبووە كە بایی نزیكەی 500 دۆلارە، بەڵام یەكێك لە شۆفێرەكان ئەوەی دیكەی كوشتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی، تۆمەتبارەكە گیراوە و ڕێكاری یاسایی لەسەر ڕووداوەكە دەستی پێ‌ كردووە.

ڕوونی كردەوە، لە ڕۆژانی ڕەمەزان و ڕۆژانی جەژن هیچ ڕووداوێكی كوشتن لە هەولێر تۆمار نەكراوە و ژمارەیەك لە تاوانبارانیش گیراون.

ئێوارەی دوێنێ‌ سێشەم 11ی حوزەیران، لە فولكەی بازی سەر رێی مووسڵی لە شاری هەولێر، دوای دەمەقاڵی لەنێوان دوو شۆفێر هاووڵاتییەك كوژرا ڕووداوەكەش هاووڵاتییەك دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلەكەی تووشی حاڵەتێكی پێكدادان بووە لەگەڵ شوفێرێكی تردا و دوای درووستبوونی كێشە لە نێوانیاندا، شوفێری ئۆتۆمبێلەكەی تر پێنج فیشەكی ناوە بەو هاووڵاتییەوە و كوشتوویەتی.




وشە - رامیار جەواد