رۆمانى "به‌دگۆڕان" كه له‌لایه‌ن فرانس كافكا نووسراوه، رۆمانێكى ده‌گمه‌نه له مێژووى مرۆڤایه‌تیدا، وه‌ك ره‌خنه‌گرانى ئه‌ده‌ب باسى لێ ده‌كه‌ن ئه‌م رۆمانه بچووكه ئاراسته‌ى رۆماننووسینى له دنیا گۆڕى، له ناوهڕۆكهكهیشى وێنه‌ى هه‌موو مرۆڤه‌كانى سه‌رده‌م ده‌رده‌خات.
نووسه‌رى چیكى فرانز كافكا كه له ساڵى 1883 له دایك بووه و له ساڵى 1924 كۆچى دوایى كردووه، خاوه‌نى چه‌ند كارێكى ئه‌ده‌بى به‌ناوبانگه، به‌ڵام به بڕواى ره‌خنه‌گران هیچیان به‌قه‌د رۆمانى "به‌دگۆڕان " به‌ناوبانگ نییه. ئه‌و رۆمانه‌ى كه له ساڵى 1915 بۆ یه‌كه‌مجار بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئێسته وێڕاى تێپه‌ڕبوونی 104 به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى، كه‌چى له زۆربه‌ى وڵاتانى دنیا چه‌ندان جار چاپ ده‌كرێته‌وه و نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بڵاو ده‌كرێته‌وه. ته‌نانه‌ت باس له‌وه ده‌كرێت له چه‌ندان زانكۆى دنیا وه‌ك نموونه‌یه‌ك له ئه‌ده‌بى خه‌یاڵى ده‌خوێنرێت.
هه‌رچه‌نده بڵاوبوونه‌وه‌ى رۆمانه‌كه له ساڵى 1915 بووه، كه‌چى هه‌ندێك له سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له ساڵى 1912 كافكا بیرۆكه‌ى نووسینى رۆمانه‌كه‌ى بۆ هاتووه، ئه‌مه‌یشى له نامه‌یه‌كى كورت باس كردووه كه بۆ كچێكى هاوڕێى ناردووه.
خاڵى گرنگ ئه‌وه‌یه كاتێك كافكا ئه‌م رۆمانه‌ى نووسیوه خۆى له قووڵترین حاڵه‌تى خه‌مۆكى بووه، له نامهكهیش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ى خۆى كردووه. بۆیه ره‌خنه‌گران پێیان وایه ئه‌و رهشبینییهى له رۆمانه‌كه هه‌یه بۆ كه‌سایه‌تى كافكا خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پاڵه‌وانى رۆمانى "به‌دگۆڕان" كوڕێكى گه‌نجه به‌ناوى گریگۆر سامسا، ئه‌م گه‌نجه دواى بینینى چه‌ند خه‌ونێكى ناخۆش، به‌یانییه‌ك له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێ ده‌بینێ بووه‌ته مێروویه‌ك له شێوه‌ى قالۆنچه و سیسركه. هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ى یه‌كه‌مى رۆمانه‌كه زۆرترین زانیارى له باره‌ى ئه‌و گه‌نجه وه‌رده‌گرین.
گریگۆر وه‌ك فرۆشیارێكى گه‌ڕۆك بۆ به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كێك له كۆمپانیاكان كار ده‌كات، به‌هۆى سروشتى كاره‌كه‌ى و گه‌یاندنى كه‌لوپه‌لى كۆمپانیاكه به كڕیاره‌كانى، ئه‌مه‌یش وا ده‌خوازێ زۆر له ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان بێت و هاتوچۆ بكات. كۆى ئامانجى ئه‌و كاره‌یشى ئه‌وه‌یه به‌و پاره‌یه‌ى ده‌ستى ده‌كه‌وێ هاوكارى خێزانه‌كه‌یان بكات.
رهشبینییهكهى كافكا هه‌ر له په‌ره‌گرافى یه‌كه‌مى رۆمانه‌كه ده‌ست پێ ده‌كات كاتێك ده‌نووسێ "گریگۆر سامسا به‌یانییه‌ك دواى بینینى خه‌ونى ناخۆش هه‌ڵسایه‌وه. بینى له‌سه‌ر جێى خه‌وتنه‌كه‌ى بووه‌ته مێروویهكى زه‌به‌لاح. له‌سه‌ر پشته رهقهكهى پاڵ كه‌وتبوو، كه بووبووه چه‌ند به‌شێكى ره‌ق له شێوه‌ى قه‌ڵغان، كاتێك كه‌مێك سه‌رى به‌رزكرده‌وه بینى سكى بووه‌ته چه‌ند به‌شێكى قێزه‌ونى ره‌نگ قاوه‌یى.. چه‌ندان قاچى هه‌یه له خۆى ده‌پرسێ : چیم به‌سه‌ر هاتووه؟".
یه‌كه‌م شت له‌و كاته‌دا كه گریگۆر بیرى لێ ده‌كاته‌وه كاره‌كه‌یه‌تى؟ چونكه ده‌بێت سه‌عات حه‌وتى به‌یانى له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى بێت، كه‌چى خه‌ریكه سه‌عات له حه‌وت نزیك ده‌بێته‌وه ئه‌و هێشتا له‌سه‌ر جێى خهوتنهكهیهتى، دواجار به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى پێى ده‌زانن و دواجاریش دواى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئه‌م زینده‌وه‌ره له ناو ده‌به‌ن.
هیچ چاپێكى ئه‌م رۆمانه له 100 لاپه‌ڕه تێپه‌ڕ ناكات، له میانه‌ى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م 100 لاپه‌ڕه‌یه كافكا گه‌لێك هه‌ستى وه‌ك به‌زه‌یى و قێزبوونه‌وه و ره‌شبینی به خوێنه‌رانى ده‌دات. به‌شێك له ره‌خنه‌گران ده‌یانه‌وێ ئه‌مه وه‌ك رۆمانێكى خه‌یاڵى له قه‌ڵه‌م بده‌ن، به‌ڵام زۆر له‌وانه‌ى له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌یان نووسیوه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه له‌م رۆمانه‌دا وێنه‌ى هه‌موو مرۆڤه‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌م نیشان ده‌دات كه به‌ده‌ست كاره‌وه سه‌رگه‌ردان بووه. رۆتینى ژیان له كۆمه‌ڵگه‌ى پێشكه‌وتووى سه‌رمایه‌دارى وا ده‌كات تاكه‌كان به‌های ژیانى مرۆییان له ده‌ست بده‌ن، دواجار وه‌ك مێروویهكى قێزه‌ون بن به‌شێوه‌یه‌ك نزیكترین كه‌سه‌كانى بگه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ى شیاوى له‌ناوبردنه.
تێبینى: ئه‌م رۆمانه له ناو رۆشنبیران به "مه‌سخ" ناسرابوو، تا ئه‌و كاته‌ى جه‌لیل كاكه‌وه‌یس له كۆتایى نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو كردى به كوردى و وشه‌ى "به‌دگۆڕان"ى بۆ ناونیشانى رۆمانه‌كه به‌كار هێنا.