هۆكارەكانی زۆرخۆری

:: PM:03:51:19/06/2019 ‌
بەپێی لێكۆڵینەوە ئەمەریكییەكان كە كراوە زۆر خۆری لە هەموو كەسێكدا هەیە ئەگەر هەفتەی یەك جار بێت یان بەردەوام لە ژەمەكاندا زۆر خۆری بكرێت. ئەو جۆرە خۆراكەی كە دەخورێت كاریگەری لەسەر لەش دروست دەكات و دەبێتە هۆكارێك بۆ قەڵەوی و زیادبوونی كێش بەشێوەیەكی ناتەندروست.

بێگومان چەندان هۆكار هەیە كە دەبنە هۆی زۆر خۆری ئەمانەش هەندێكن لەو هۆكارانە.

یەكەم: سەرقاڵبوون، زۆركات بەدیار سەیركردنی تەلەڤزیۆنەوە نان دەخۆین ئەمەش وادەكات هەستی تێربوون كەم بكاتەوە و بڕێكی زیاتر نان بخورێت بەهۆی سەرقاڵبوونەوە.باشترین رێ بۆ ئەم هۆكارە ئەوەیە كە خۆمان لەو سەرقاڵییە بەدوور بگرین، باشتر وایە هیچ ئامێكرێی ئەلیكترۆنی و تەلەڤزیۆن لە شوێنی نانخواردندا نەبێت.

دووەم: چاوەڕوانكردنی زۆر بۆ ژەمی داهاتوو، زۆركات بەهۆی چاوەروانی بۆ ژەمی داهاتوو لە نێوان ژەمەكاندا هەستی برسیەتی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر خۆری لەكاتی ژەمی داهاتوودا چونكە هەستی برسیەتی زیاتر دەبێت بەهۆی نەخواردنی هیچ خۆراكێك لە نێوان ژەمەكاندا. ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕێكی گەدە و سستی و نیگەرانی. بۆیە باشتر وایە لە پێش ژەمی سەرەكی چەند ژەمێكی سووك بخورێت بۆ ئەوەی رێ لە زۆرخۆری بگیرێت.

سێیەم: خواردن لە دەرەوە، ئەگەر بەردەوام لە دەرەوە نان بخورێت، ئەوا تووشی زۆر خۆری دەبیت چونكە هەڵدەدەیت ئەو بڕەی كە بۆت دانراوە تەواوی بكەیت، ئەمەش وادەكات بڕێكی زیاتر كالۆری بچێتە لەشەوە. بۆیە باشتر وایە زیاتر خواردنی ماڵەوە بخورێت چونكە ئاسانتر كۆنترۆڵ دەكرێت و دەتوانیت بڕێكی كەمتر بخۆیت.

چوارەم: خۆراكی بەتاڵ لە كالۆری، زۆركات ئەو خواردنانەی كە دەیخۆین بڕێكی زۆر خوێ و شەكری تێدایە و بەتاڵە لە پێكهاتەی خۆراكی. هەرچەنێك بخورێت نابێتە هۆی تێربوون. باشتر وایە لەبری خۆراكی دەستكاریكراو پڕ لە شەكر ئەو خۆراكانە بخورێت كە پێكهاتەی خۆراكیان زیاترە وەك میوە و چەرەزات و سەوزە و تۆوەكان بڕێكی باش كالۆری بەسوود بەلەش دەدات و هەستی تێربوون زیاد دەكات و نابێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی كێش و زۆر خۆری.




وشە - ئاوات ئازاد